Abdullah Shukur
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
رێککەوتنی "پرۆژەی ھێڵی بۆری گازی سرووشتی تەوژمی تورک" کە گازی سرووشتی رووسیا لە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەورووپا دەگوازێتەوە، لە نێوان ھەردوو حکوومەتی رووسیا و تورکیا واژوو کرا.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و ٤٠ خولەک کۆبوونەوە و پاشانیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.
رێککەوتنی تەوژمی تورک لە لایەن وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا بارات ئەڵبەیراک و وەزیری وزەی رووسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک واژوو کرا.
پرۆژەی ھێڵی بۆری گازی سرووشتی تەوژمی تورک، لە دوو ھێڵی سەرەکی پێکدێت و بە کۆی گشتی ٣١,٥ ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لەخۆدەگرێت. یەکێک لە ھێڵەکان بۆ تورکیا دێت و پێداویستییەکانی ئەو وڵاتەی لێ دابین دەکرێت ئەوەی دیکەش گازی سرووشتی رووسیا بە رێگەی تورکیاوە بۆ ئەورووپا دەگوازێتەوە.
پرۆژەکە بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە لایەن سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین راگەیەنرابوو.