Betül Yürük,Mohammed Baqi Hussein
18 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2019
نەتەوە یەكگرتووەكان - AA
نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان، دانی دانۆن رایگەیاند، بەڵێنەكەی سەرۆكوەزیران، بێنیامین ناتانیاهو بۆ بەستنەوەی كەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە كە بەرلە هەڵبژاردنەكان رایگەیاندبوو، ناتواندرێت جێبەجێ بكرێت تا پلانی ئاشتیی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ رانەگەیەندرێت.
دانی دانۆن لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەوانان گوتی: "بەرلەوەی پلانی ئاشتی رابگەیەندرێت، پێموانییە هەنگاوێك بنێین".
نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان راشیگەیاند، چاوەڕوانن پلانی ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی دووەم رابگەیەندرێت، بەڵام نازانن لە پلانەكەدا دامەزرانی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت یان نا.
پێشتر نوێنەری هەمیشەیی فەڵەستین لە نەتەوە یەكگرتووەكان، باڵیۆز ریاز مەنسوور رایگەیاندبوو، پلانەكەی حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرلەوەی لەدایكبێت، مردووە.