Mustafa Deveci
01 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2021
غەززە - AA
پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، خەونی گەشتکردنی خێزانێکی فەڵەستینی بۆ تورکیا لەناوبرد.
بەهۆی پەلامارەکانەوە، ٢٥٤ فەڵەستینی کوژران کە ٦٦یان منداڵ بوون، هەروەها زەرەر و زیانێکی زۆریش بەر خانوو و باڵەخانەکانی کەرتی غەززە کەوت.

خێزانی حەدیدی کە خێزانێکی حەوت کەسی بوو، یەکێک بوو لەو خێزانانەی بوونە قوربانی پەلامارەکان.
لە ١٥ی ئایاردا و لە پەلامارێکی ئیسرائیل-دا، دایک و چوار منداڵی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا کە تەمەنیان لەنێوان ٦- ١٤ ساڵدا بوو و لە کاتی بۆردومانەکەدا بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی ماڵی خزمێکیان کردبوو لە کەمپی پەنابەرانی شاتی.
بەهۆی پەلامارەکەوە لەپاڵ ئەو پێنج ئەندامەی خێزانی حەدیدی، دایک و چوار منداڵی خێزانی خەتاب گیانیان لەدەستدا کە میوانداری خێزانی حەدیدی-یان کردبوون.

دواتر لەژێر داروپەردووی بیناکەدا، کۆرپەیەکی پێنج مانگی خێزانی حەدیدی و کچێکی چوار ساڵانی خێزانی خەتاب بە برینداری رزگارکران.
محەمەد حەدیدی کە لە هێرشەکەدا چوار منداڵ و هاوسەرەکەی لەدەستداوە و لەگەڵ کوڕێکی پێنج مانگییدا بەناوی عومەر بە تەنیا ماوەتەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت کوڕەکەی بهێنێت بۆ تورکیا و کار بکات و ژیانێکی شایستە بنیاتبنێت.

محەمەد حەدیدی باسی لەوە کرد کە لەگەڵ خوشکەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٣دا، سەردانی ئیستانبوڵی کردووە و گوتی: ''لەو رۆژەوە عاشقی ئەو وڵاتە (تورکیا) بووم. زۆر تورکیام خۆشدەوێت. کاتێک گەڕامەوە باسی هەڵوێستی گەلی تورکیام بۆ خێزانەکەم کرد. زۆر کەس کە نەشمدەناسین تەنیا لەبەرئەوەی فەڵەستینی بووم دیاریان پێشکەش کردم. کاتێک ئەمانەم بۆ باسکردن منداڵەکانم دەیانگوت با بچین لە تورکیا بژین. منیش پێمگوتن پشتیوان بەخوا''.
محەمەد حەدیدی ئەوەشی خستەڕوو کە بەهیوای چوون بۆ تورکیا پاسپۆرتی بۆ منداڵەکانی دەرکردووە و تەنانەت بەشداریان لە کۆرسی فێربوونی زمانی تورکیدا کردووە، دوای تەواوبوونی یەکەم قۆناغی کۆرسەکە دەستیان بە مامەڵە کردووە بۆ چوون بۆ تورکیا و گوتی: ''منداڵەکانیشم عاشقی تورکیا بووبوون. ئەو رۆژەی هێرش کرایە سەر ماڵەکەمان بەیانیەکەی کوڕە گەورەکەم گوتی بابە ناچین بۆ تورکیا. منیش پێمگوت کە پاسپۆرت ئامادە دەکەین''.