Gökhan Varan
27 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات و گوتی: "ئەرمینیا کە پێیوایە سوود لە چارەسەرنەکردن دەبینێ، دووبارە سنووری خۆی بەزاندووە، ئەمجارە وەڵامەکەی لە گۆڕەپان وەردەگرێتەوە. ئێمە لە گۆڕەپان و لەسەر مێزی گفتوگۆش لەگەڵ ئازەربایجانی ئازیز داین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلھام عەلیێڤ ئەنجامداوە و خۆیشی گفتوگۆی لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیھون بایرامۆڤ و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ کردووە.
چاوشئۆغڵو نووسیوویەتی: "ئەرمینیا کە پێیوایە سوود لە چارەسەرنەکردن دەبینێ، دووبارە سنووری خۆی بەزاندووە، ئەمجارە وەڵامەکەی لە گۆڕەپان وەردەگرێتەوە. ئێمە لە گۆڕەپان و لەسەر مێزی گفتوگۆش لەگەڵ ئازەربایجانی ئازیز داین".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای ئەوەی ھێزەکانی ئەرمینیا تەقەیان لە یەکە مەدەنینشینەکانی ئازەربایجان کرد، سوپای ئازەربایجان دەستی بە ھێرشی پێچەوانە کرد.
لەلایەکی دیکەش وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند کە فەرماندەیی سوپای ئازەربایجان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتییان، بڕیاری دا کە لە سەرجەم ھێڵەکانی سنوور ھێرشی پێچەوانە دەست پێ بکات.