Abdullah Shukur
05 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئەنجام دا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە، شا سەلمان سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە ترەمپ کردووە بەھۆی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کە رۆژی سێشەممەی رابردوولە شاری نیویۆرک ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوەکەدا باسی ئەو ھێرشە کراوە کە بە مووشەکی بالیستیکی کراوەتە سەر شاری ریاز و ھەردوولا جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژییا و بیری توندڕەوی کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ھەردوو سەرۆک باسیان لەو چەکانە کردووە کە سعوودیە لە ئەمریکای کڕیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە: "سەرۆک ترەمپ بەھۆی کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی THAAD بە بڕی ١٥ ملیار دۆلار و ئەنجامدانی چەندین کاری وەبەرھێنان بە بڕی چەندین ملیار دۆلار لە لایەن سعوودیەوە سوپاسی شا سەلمانی کردووە. ھاوکات ئەمریکا داوای لە شا سەلمان کردووە کە کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی بخاتە ناو بۆرسەی ئەمریکاوە".