Mazın Asad
20 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە پشتگیری لە یەکێتی نیشتمانی و یەکپارچەیی سووریا و عێراق و گشت دراوسێکانمان دەکەین و دژی ھەر دابەشبوونێکین".
دوای کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و وەزیری دەرەوەی ئێران جەواد زەریف لە میوانخانەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ساز کرا.
چاوشئۆغڵو لە گوتەیەکیدا پرسەی و سەرەخۆشی بەھۆی کوژرانی کارلۆڤ، ئاراستەی ئیدارە و گەلی رووسیا کرد و گوتی: "جارێکی دیکە ئیدانەی ھێرشە ناپاکەکە دەکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بۆ یەکەمجارە بەو شێوەیە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجدام داوە و راشیگەیاند ئەمە ھەر بۆ خۆی گرنگییەکی زۆری ھەیە.
چاوشئۆغڵو لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، روونی کردەوە کە تاوتوێی باشترکردنی رەوشی مرۆیی حەلەب، گواستنەوەی ھاووڵاتیانی سڤیل بەشێوەیەکی رێکوپێک و چارەسەری سیاسی ئەو وڵاتە کراوە و راشیگەیاند لەسەر بڵاوکردنەوەی ئاگربەستەکە لە سەرانسەری سووریا چڕ بوونەتەوە و ھەوڵەکانیان لەوبارەیەوە درێژەی ھەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "تاوەکو ئێستا پرۆسەی گواستنەوەی ٣٧ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە رۆژھەڵاتی حەلەب ئەنجام دراوە. لەوبارەیەوە بەھۆی ھەوڵەکانییەوە بە تایبەتی زۆر سوپاسی رووسیا دەکەین".
چاوشئۆغڵو گوتیشی: "گشتمان تەنھا جەخت لەسەر چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا دەکەینەوە. چارەسەری یەکجارەکی واتا چارەسەری سیاسییە و بێجگە لە چارەسەری سیاسی چارەسەرێکی دیکە لە ئارادا نییە. لە کۆتاییدا پێکەوە درێژە ھەوڵەکانمان بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی، بڵاوکردنەوەی ئاگربەستی یەکجارەەکی لە سەرانسەری وڵات و گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بێ دروستبوونی کێشەیەک دەدەین. ئەمڕۆ بەھۆی مێوانداریکردنەوە ستایشی لاڤرۆڤ دەکەم و ھەروەھا ستایشی برام زەریف دەکەم".
-پرسیارەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەڵێت: "پێشتر دەربارەی پرسی سووریا کۆبوونەوەیەکی زۆر کرا. باشترین شێواز بۆ بابەتی سووریا چییە؟ ئەم شێوازەی ئێستا لەگەڵ کۆبوونەوەکانی دیکە جیاوازی ھەیە؟" چاوشئۆغڵو لەوبارەیەوە رایگەیاند باشترین شێواز پەیرەوکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لە کۆبوونەوەکان دەدرێت.
چاوشئۆغڵو لە درێژەدا ئاماژەی بە ئیرادەی بەھێزی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و رۆڵی بونیاتنەری ئێران لەبارەی سووریاوە کرد و گوتیشی: "ئەمڕۆ لە بەیاننامە ھاوبەشەکەدا نکۆڵیمان لە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکردووە، بەڵکو جەختمان لەسەر بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووەتەوە. لێرەدا گرنگ ئەوە کە لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەدا بڕیارەکان پەیرەو بکرێت. ئەگەر بە دڵسۆزی پەیرەوی بکەین، ئەوا رەنگە لەبارەی سووریا بگەین بە ئەنجامێک".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "باس لە پەرەپێدانی ئاگربەستەکە دەکەین بۆ تەواوی سووریا. لێرەدا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلنوسرا باس ناکەین، رووبەڕوو بوونەوەکانمان لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێت. بەڵام رژێم و ئۆپۆزسیۆن و ئەو گرووپانەی لە دەرەوە ھاتوون، حزبوڵڵا و گرووپی تریش ھەن. ھەربۆیە پێویستە تەواوی یارمەتییەکان بۆ ئەم گرووپانە بوەستێنرێن".
"پێویستە رێگە بە قرکردنی ئەتنیکی لە منبج نەدرێت"
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی منبجە لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ پەنابەران و ئاوارەکان و راشیگەیاند لە ئێستادا ئۆپەراسیۆن لە ئەلباب درێژەی ھەیە کە یەکێکە لەو ناوچانەی خاوەنی گرنگییەکی زۆرە.
چاوشئۆغڵو ھەر لەبارەی منبجەوە گوتی: "ھەڵوێستی ئێمە لەوبارەیەوە روونە، بەڵام لێرەدا ھێزی دیکە ھەیە کە خەڵکی منبج نایانەوێت لێ بمێنێتەوە. پێویستە رێگە ھاتن و بەڕێوەبردنی ئەو گرووپانە نەدرێت بۆ منبج و رێگە بە قڕکردنی ئەتنیکی لە منبج نەدرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆتایی قسەکانیدا ھەروەھا گوتی: "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە پشتگیری لە یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوویی سنوورەکانی سووریا و عێراق و گشت دراوسێکانمان بە تایبەتیش سووریا دەکەین و ھەروەھا دژی ھەر جۆرە دابەشبوونێکیشین".