Sarmand Hameed
07 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 08 نیسان 2018
غەززە - AA
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ شەممە گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسێکی فەڵەستینی راگەیاند دوای ئەوەی دوێنێ هەینی بەهۆی گوللـەی سەربازانی ئیسرائیل لە نزیک سنووری رۆژهەڵاتی کەرتی غەززە بریندار ببوو.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ئەشرەف قودرە لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، رایگەیاندووە، "رۆژنامەنووسی فەڵەستینی، یاسر مورتەجا (تەمەن ٣٠ ساڵ) دوای ئەوەی لە میانی روماڵی خۆیشاندانەکانی رۆژی هەینی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لە لایەن سەربازانی ئیسرائیلییەوە تەقەی لێکراو و بریندار بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گیانی لەدەستدا".
شایەتحاڵانی رووداوەکە ئاماژە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەربازانی سوپای ئیسرائیل تەقەیان لە وێنەگر، یاسر مورتەجا کردووە لەو کاتەی کە وێنەی خۆپیشاندەرانی دەگرت، لە نزیک بەربەستی ئەمنیی لە رۆژهەڵاتی خانیونس و بریندار بوو.
نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆژنامەنووس، یاسر مورتەجا زرێی خۆپاراستنی پۆشیووە کە لەسەریدا نووسرابوو "Press" لەو کاتەی کە سەربازانی ئیسرائیلی تەقەیان لێکردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکوومەتی غەززە روونیشی کردووەتەوە کە مورتەجا سەرەڕای کاری رۆژنامەوانی هاوکات دەرهێنەری فیلم بووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای عەین میدیا بۆ بەرهەمهێنانی هونەری و میدیایی و هەروەها بەشداری کردووە لە دەرهێنانی ژمارەیەک فیلمی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی بارودۆخی کەرتی غەززە کە لە دەزگاکانی راگەیاندنی عەرەبی و بیانی نیشان دران.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی، بە کوژرانی رۆژنامەنووس، یاسر مورتەجا ژمارەی ئەو کەسانەی لەمیانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە سنووری غەززە لە ٣٠ ئاداری رابردووە تا ئێستا لە لایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلییەوە کوژراون، گەیشتووەتە ٣١ کەس، هەروەها بە هەزارانی کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر لە میانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە لە سنووری غەززە، دوێنی هەینی لە لایەن سەربازانی سوپای ئیسرائیلەوە ١٠ کەس کوژران و هەروەها هەزارو ٣٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون کە ٣٣ کەسیان برینەکانیان سەختە.