Sangar Hamad Azeez
09 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2016
کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ بە مەبەستی تاوتوێ کردنی قەیرانی سووریا لە شاری جنێف باشووری رۆژئاوای سویسرا دەستی پێکرد.
کۆبوونەوەکە لە هوتیلی پرێزیدەنت ویلسۆن ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکەن.
جێگەی ئاماژەیە لاڤرۆڤ دوێنێ گەیشتە جنێف و لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا کۆبووەوە، هەرچی کیری-شە ئەوا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە جنێف.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکان باس لە پرسەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی، یارمەتی مرۆیی، چارەسەکردنی قەیرانەکان بە رێگەی سیاسی و کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆیی سووریا بکرێت.
پیشتر هەردوو وەزیر لە میانی کۆبوونەوەی G20دا کە لە چین سازکرا کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە کەوا لە ٨ و ٩ ئەم مانگە لە جنێف دووبارە لەبارەی سووریا، کۆدەبنەوە.