Muhammet Ali Kemal
01 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2016
کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە شاری سوچی رووسیا، کۆتایی هات.
لە دوای قەیرانی خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسیەکە لە رۆژی ٢٤ـی تشرینی دووەمدا، یەکەمجارە وەزیرێکی تورکیا کە وەزیری دەرەوەیە سەردانی رووسیا دەکات و کۆبوونەوەی نێوان چاوشئۆغڵو و هاوتا رووسییەکەی لە هۆتێل رووسی لە شاری سوچی کە کۆبوونەوە فەرمییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا چاوشئۆغڵو لێدوانێکی کورتیدا و سوپاسی لاڤرۆڤی کرد کە بانگهێشتی کردووە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە (کۆبوونەوەی هاریکاریی ئابووری دەریای رەش) کە لە رووی کاتی سازدانییەوە گرنگی زۆری هەیە.
مەولوود چاوشئۆغڵو باسی لەوەکرد ٢٥هەمین ساڵیادی ئەم رێکخراوە پیرۆز دەکرێت و هەوڵ و رۆڵی هەریەک لە رووسیا و تورکیا لەم رێکخراوەدا زۆر گرنگە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوای نامەکەی سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین، هەردوو سەرۆک بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و رایگەیاند: ''ئەمە زۆر بنیاتنەرانە و ئەرێنی بوو. فەرمان بە ئێمەش دراوە کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانە بکەین کە لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێت بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی دڵخوازمان''.
سێرگی لاڤرۆڤ سوپاسی چاوشئۆغڵوی کرد بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی هاریکاریی ئابووری دەریای رەشدا.
لاڤرۆڤ ئاشکرای کرد لە رێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە، دەرفەت دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن و ئاماژەی بەوەشکرد نامەکەی ئەردۆغان بۆ پوتین و پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوانیان، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەنگاوی کردەیین.
دواتر کۆبوونەوەی نێوان لاڤرۆڤ و چاوشئۆغڵو دەستی پێ کرد و ماوەی ٣٦ خولەکئ خایاند.
سێرگی لاڤرۆڤ و مەولوود چاوشئۆغڵو دوایین جار لە سێی کانوونی یەکەمدا لە بەلگراد چاویان بە یەکتر کەوتبوو.