Rewa Mahmood Hasan
23 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
سلێمانی-AA
١٧ تیرۆریستی شانەی نەنووستووی داعش لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکران کەدووانیان ژنن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە لەماوەی هەفتەیەکدا، ١٧ تیرۆریستی شانەی نەنووستووی داعشییان دەستگیرکردووە لە شاری سلێمانی و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە بەردەوامی هەیە.
بەپێی زانیارییەکان تیرۆریستەکان لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگریی و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، لەچەند ھەڵمەتێکی جیادا لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەکیە، باریکە دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە مەفرەزەی یەکەمی تیرۆریستە دەستگیراوەکان، پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێکی باڵا لە ھێزی پێشمەرگە و چەند مامۆستایەکی دیاری ئایینی تیرۆر بکەن.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەفرەزەکەی تیرۆریستان پێکھاتووە لە حەوت تیرۆریست کە لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەونە ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چالاکییەکانی تیرۆریستان دەکەن و دوای خۆڕێکخستنیان، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمە ساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگە و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەکی حزبی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ''دوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو و زانیاری لەسەریان کە پیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێکردنی تیرۆرکردنی ژمارەیەک مامۆستا و زانای ئایینی کە داعش تەکفیریان کردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش کە بەشداربوون لە شەڕی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە. پاش رەزامەندی دادوەر ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی مەفرەزە و گرووپەکان دەستیپێکرد''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیمەکانی ئاسایش لەگەڵ تیرۆریستان کراوە و تێیدا هاتووە، ''رۆژی ١٤ ی ئابی ٢٠٢٢ لەناوبازاڕی سلێمانی لە ئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار (ئاکام بەھادین) ناسراو بە ئاکام کوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە کە پیلانی تیرۆرکردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەکەن بۆ وەرگرتنی پارە و چەک و ئەنجامدانی چالاکییەک تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن و ھەڵبێن. ئەم تیرۆریستانە دەخرێتە ژێر چاودێری و لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەک و پارەکە و جێبەجێکردنی چالاکییەکەیان ھێزەکانمان جوڵەیان پێدەکرێت بۆ دەستگیرکردنیان لەو کاتەدا لەئەسحابەسپی، تیرۆریستان رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوە و تەقەکردن روودەدات و ئاکام بەھادین و تۆمەتبارێکی تر دەستگیردەکرێن و ژمارەیەک تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن کە بەداخەوە بەھۆی ئەم رووداوەوە ھاووڵاتیی ئەحمەد شەوکەت کە لەخێزانێکی دڵسۆز و خەباتگێڕن، شەھید بوو''.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای ١٤ی مانگەوە لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە و تیرۆریستانی دیکە لە ھەمان مەفرەزە لە چەند ئۆپەراسیۆن و ھەڵەمەتێکدا دەستگیرکران کە ناوەکانیان لە خوارەوە هاتووە:
- تیرۆریست ( محەمەد ئیبراھیم ) ناسراوبە ئەبو جولەیبیب شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( رێبین سادق ) شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( فریشتە حاتەم ) رەگەزی ژن شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( شیفا محەمەد ) ناسراوبە جیھاد کوردی رەگەز ژن شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ئابی ٢٠٢٢ لە باریکە دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( شادمان مەحمود ) شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
- تیرۆریست ( رێبەر ئەحمەد ) ناسراوبە ئەبو دوگمە شەوی ١٩ لەسەر٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی سەبارەت بە مەفرەزەی دووەمی تیرۆریستەکان ئاسایشی سلێمانی ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەمچەماڵ و تەکیە بەنیازی کردەوە بوون و لەوبارەوە لە راگەیەندراوەکەدا ناوی تیرۆریستان و زانیاریی لهسهر ئهندامانی گرووپهكه و كردهوه تاوانكارییهكانیان خراوەتە روو.
لەوبارەیەوە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە،''ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێم ، لەھەمان کاتدا جوڵە و مەرامەکانی مەفرەزەو تاقمێکی تری تیرۆریستی لە تەکیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێر چاودێری ورد کە پەیوەندیان لەگەڵ گرووپەکەی سلێمانیدا ھەبوو و وەک شانەی نەنووستووی داعش لەچالاکیدان. دوای بەدەستخستنی زانیاریی دروست و ئاشکرابوونی پیلانەکانیان خرانە ژێرچاودێری شەوی ١٧ لەسەر ١٨ لە چەمچەماڵ لەکاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ ھیجرەتکردنیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج لە ئەندامەکانیان بەھاوکاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکران کە دانیشتووی تەکیەن دانیان بەتاوانەکانیاندا نا کە سێ جار ھەستاون بە تێکدان و شکاندنی کێلی مەرقەد و پیاوچاکانی شێخانی کانی چنار لە گوندی کانی چنار و دارئەسحابە و پەیکەری عەبدولرەحمان پاشای بابان - شیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووە و لە چەندین شوێن و جێگای جیاوازیش دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووە و ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵکردووە و دووجاریش ئاڵای کوردستانیان لەدەربەندی بازیان کە بەرووکاری تەکییە شێواندوە و لەھەوڵی بەدەستخستنی چەکیشدا بوون تا چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن کە سەرجەمیان شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ئابی ٢٠٢٢ دەستگیرکران''.
تیرۆریستانی دەستگیر کراو لە چەمچەماڵ:
- تیرۆریست ( زێوەر زاھیر )
- تیرۆریست ( بێستون حەکیم ) ناسراوبە سەڵاحەددین بن عەبدولعەزیز
- تیرۆریست ( ئەیوب کەمال )
- تیرۆریست ( بڕوا عەدنان ) ناسراوەبە مەروان کوردی
- تیرۆریست ( بەڵێن سەباح ) ناسراوەبە عوبەیدە کوردی
ھەر پەیوەست بەھەمان گرووپەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە تەکیە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ ئابی ٢٠٢٢ تیرۆریست ( محەمەد جومعە ) دەستگیرکرا.