دیمەشق
سوپای ئازاد رایگەیاند: ھێزەکانیان دوای روو بەڕوو بوونەوەوە لەگەڵ سوپای سوریا، توانیویانە ناوچەی (خەناسر) لەباشووری شاری حەڵەب کۆنترۆڵ بکەن، بەوەیش رێگەی دەستگەیشتنی سوپای سوریا بەو شارە داخرا.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لەشەڕوتێھەڵچوونەکانی نێوان سەربازانی سوپای ئەو وڵاتەو ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەماوەی دوو رۆژی رابردوو ٤٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەناویاندا ژن و منداڵیش ھەن.
لەیەکی دیکە، بەرپرسی سوپای ئازاد لەحەڵەب (یاسر ئەحمەد) رایگەیاند: سوپای ئازاد بەنیازی کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی ناوەندی حەڵەب کە زیاتر لەچوار ھەزار بەندکراوی تێدایە، بەچڕی موشەکبارانی دەوروبەری گرتووخانەکەیان کردووەو زیانی زۆریان پێگەیاندووە.
ھەروەھا گوتی " بەرەو پێشچوونی زۆرمان بەدەستھێناوە لەشاری حەڵەب و تا دێ ناوچەی زیاتر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئازاد، ئێستا ناوچەی خەناسر لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەیەو سوپا بەتەواوی رێگەی لێگیراوە تا کۆمەک بنێرێ بۆ ھێزەکانیان لەحەڵەب".
لەلایەکی دیکە لەئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی رزێمی سوریا بۆ سەر ناوچەی( چیای تورکمان) ئاگر لەدارستانێکی گەورەی ئەو ناوچەیە لەکەوتەوە.
سوپای سوریای ئازاد رایگەیاند: ھەوڵێکی زۆریانداوە دا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەو لەترسی تەشەنەسەندنی، خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ نزیکی سنووری تورکیا کۆچیانکرد.