Azad Mohammed Abdullah
30 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ئیبراهیم برۆ داوا لە هاووڵاتییانى باکووورى سووریا دەکات بەشدارى لە هەڵبژاردنێکدا نەکەن کە پەیەدە بۆ مەبەستى رەوایەتیدان بە ئیدارە سەربازییەکانى گرتوویەتییەبەر.
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەو هەڵبژاردنەى بڕیاروایە پەیەدە/پەکەکە لە باکوورى سووریا ئەنجامى بدات، هەڵبژاردنێکى ناشەرعییە و هەڵبژاردنێکە کە بە زەبرى هێزى چەک هاتووەتە ئاراوە و ئێمە وەک ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بەهیچ شێوەیەک داننانێین بەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەکەشى".
ئیبراهیم برۆ گوتیشى: "پەیەدە/پەکەکە لەم هەڵبژاردنەى کە لە باکوورى سووریا بەسەر هاووڵاتییانى سەپاندووە مەبەستى سەرەکى ئەوەیە کە رەوایەتى بدرێت بەو ئیدارەدانە سەربازییەى کە بەسەر دانیشتوانى ناوچەکەى هێناوە، بۆیە ئێمە نەک تەنها رەتیدەکەینەوە، بەڵکو داوا لە سەرجەم دەنگدارانى ناوچەکە دەکەین لەو هەڵبژاردنە بەشدار نەبن کە پەیەدە/پەکەکە بۆ ئامانجى تەسکى حزبى خۆى بەکاریدەهێنێت".
- "یەکەمجارە هەموو لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا لە جنێڤ بەشدار دەبن"
سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ لەبارەى کۆنگرەى جنێڤ هەشت دەڵێت "ئەمە یەکەمجارە هەموو لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا لە کۆنگرەى جنێڤ بەشدار دەبن، ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بەشێکى سەرەکى کۆبوونەکان دەبێت. کۆنگرەى جنێڤ هەشت لە ئەنجامى کۆبوونەوەکانى ریاز دوو هاتەئاراوە، ئەمجارە لایەنى نێودەوڵەتى و لایەنى هەرێمى دەیانەوێت پێشڤەچوونێکى جددى هەبێت لە چارەسەرکردنى کێشەکانى سووریا".
گوتیشی: "ماوەى دوو رۆژە کۆنگرەى جنێڤ هەشت لە چاوەڕوانى شاندى رژێمى سووریایە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەکە، کەچى تا ئێستا هیچ هەواڵێکییان نییە لەبارەى بەشداربوون یان بەشدار نەبوونییان، هۆکارى ئامادەنەبوونیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مەترسى لەسەر رژێمى ئەسەد هەیە ئەمجارە لە کۆنگرەى جنێڤدا لایەنى نێودەوڵەتى گوشارى زیاترى بخرێتە سەر بۆ بەردەوام بوون لە دانوستاندن و دەستهەڵگرتن لە شەڕ".
سەبارەت بە رێککەوتنى نێوان هەسەدە و داعش لە سووریا، ئیبراهیم برۆ بە شتێکى ئەستەمى نازانێت و هێما بۆ ئەوە دەکات کە لایەنى نێودەوڵەتى بە بیانوى بابەتى مرۆیی چاوپۆشى لە چەندین بابەتى هەستیار دەکات و دەشڵێت "هەرچەندە ئێمە ئاگاردارییەکى ئەوتۆمان لەسەر رێککەوتنى نێوان هەسەدە و داعش نییە، بەڵام هەڵەیە لایەنى نێودەوڵەتى بە بیانووى بابەتى مرۆیی تیرۆریستانى داعش لە شوێنێکەوە دەگوازنەوە بۆ شوێنێکى دیکە، ئەوەى ئێستا دەبێت بکرێت بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرە بە شێوەیەکى توندتر".