ھەولێر
ئەندامی سەرکردایەتی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی لەبارەی بەشداری یەکێتی لە حکومەت بۆ AA گوتی: "یەکێتی بڕیاریداوە بەشداری لە حکومەتێکی بنکەفراوان و یەکریزی نیشتمانی بکات، بەحوکمی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، براوەی یەکەمە چاوەڕوان دەکەین دەست پێشخەری بکات بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ."
لەھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ یەکێتی ١٨ کورسی بەدەستھێنا و بزووتنەوەی گۆڕانیش ٢٤ کورسی و زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی بردەوە، پاش ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەو بزووتنەوەیە پێیوایە حیزبێکی کەمینە حوکمی زۆرینە لە سلێمانی و دەوروبەری دەکا.
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ: "یەکێتی نیشتمانی کوردستان، خۆی بەھێزی کەمینە نازانێ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقیش رۆڵی بەرچاوی ھەیە."
تاڵەبانی گوتیشی: "ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەکا لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ئەو پۆستە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکلای دەکرێتەوە، کورسی پەرلەمان پەیوەندی بە ئەنحومەنی پارێزگاکانەوە نیە."
ھەروەھا رایشیگەیاند: ئەگەر بەشداری حکومەت بکەین، حەقی ئەوەمان ھەیە ھەموو یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی وەربگرین، ئەگەر گۆڕانیش ھاتنە دەسەڵات مافیان ھەیە بەپێی ئیستحقاق پۆستیان بەربکەوێ و گەر بەشداری دەسەڵاتیشیان نەکرد ناتوانن پۆستی ئیداری وەرگرن