Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2017
ئەنقەرە- AA
بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرگریی شارستانیی سووریا، رائید ساڵح سەبارەت بە توانای رێگرییکردن لە مردنی هاووڵاتییان لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی کیمیاوییدا لە لایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە، رایگەیاند ''دەبێت بە ناچاریی چاوەڕوانی مەرگ بین''.
رائید ساڵح لە تۆمارێکی دەنگییدا کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی ناردووە، هەڵسەنگاندنی بۆ روونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەبارەت بە ''ئامادەکارییەکانی رژێمی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی هێرشی کیمیاویی'' کردووە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرگریی شارستانیی سووریا، رائید ساڵح ئاشکرایکردووە کە روونکردنەوەکە بووەتە مایەی تۆقاندنی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە و رایگەیاند ''ناتوانین مەزەندەی ئەو ناوچانە بکەین کە بەر هێرشی رژێم دەکەون. بەداخەوە کە توانای رێگرییکردن و ئامادەکارییمان لە ئاستی پێویستدا نییە. ستافێکی کەمی راهێنراومان هەیە. لە ناوچەی ئیدلب ژمارەی تیمەکان لە ١٠ تیم تێپەڕناکات. کەلوپەلەکانمان لە ئاستی پێویستدا نیین و ژووری پێویستمان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان''.
رائید ساڵح ئاماژەی بەوەکرد کە ئەرکی تیمەکانی فەرمانگەکەیان فریاگوزاریی سەرەتایی دوای هێرشەکەیە و رایگەیاند ''ئەگەر بێت و هێرشێکی لەوجۆرە رووبدات، ئەوا بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی سڤیل گیان لەدەستدەدەن. لە نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچانەی بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە، کەلوپەلی پێویست بوونی نییە''.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەرگریی شارستانیی سووریا، رائید ساڵح باسی لەوەشکردووە کە ئەو رێوشوێنانەی لەبەرامبەر ئەگەری روودانی هێرشە کیمیاوییەکاندا گرتوویانەتە بەر تەنها خۆی لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییاندا دەبینێتەوە، راشیگەیاندووە ''لەدوای هێرشەکەی خان شەیخونەوە، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان ژمارەیەک سیمیناریان سەبارەت بەوەی بە چ شێوازێک لەدوای هێرشەکان لە ژیاندا بمێننەوە، رێکخستووە. راهێنانمان بە تیمەکانیشمان کرد. لەوە زیاتر هیچ شتێکی دیکەمان لە توانادا نییە. ناچارین چاوەڕێی مەرگ بکەین''.
گوتووشیەتی: ''لە هێرشەکەی خان شەیخوندا لانیکەم ٢٠ کارمەند باری تەندروستییان تێکچوو. زۆر لە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی سڤیل لە هێرشی داهاتوودا، دەترسین. ئەمە جگە لەوەی نیگەرانین لە بە ئامانج گرتنی نەخۆشخانەکان لە میانی هێرشەکاندا. لە هێرشەکەی ئەمریکادا بۆسەر بنکەی ئاسمانیی شەعیرات، بنکەکە لەکار نەخرا. بۆردومانەکەی ئەو رۆژەی ئەمریکا تەنها پەیامێکی سیاسیی بوو''.