Abdullah Shukur
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2016
حەلەب
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا پێشێلی ئاگربەستیان کرد و گەڕەکی ساڵیحین کە لە کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لە شاری حەلەب بۆردومان کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە دەستی کەوتووە، لە ئاکامی ھێرشی فڕۆکەکانی رووسیا بۆ سەر شوێنی ژیانی خەڵک لە شاری حەلەب ١٠ کەسی سڤیل گیانیان لەدەست داوە و ١٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسان راشیانگەیاند کە لە ئەنجامی ھێرشەکە بینایەکی شەش نھۆمی رووخاوە و تیمەکانی فریاگوزاریش لە ھەوڵی رزگارکردنی دوو بنەماڵە لە ژێر بینا رووخاوەکەن.
بەرپرسان هەروەها رایدەگەیەنن کە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانە گەڕۆکەکانی ناوچەکە کراون و ھاوکات فڕۆکەکانی رووسیاش گەڕەکی مەرجە، مەعاد و هەروەها شارۆچکەی ئەتاریبی سەر بە حەلەبیان بۆردومان کردووە.
رێککەوتنی ئاگربەست کە لە ٢٧ شوباتەوە دەستیپێکردووە، لەلایەن ھێزەکانی رژێم و رووسیا پێشێل دەکرێت و رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند کە لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەستدا هەتا ئێستا ٤٧٧ جار پێشێلکاریی تۆمار کراوە.