Muhammet Ali Kemal
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
ئەنقەرە-AA
باڵیۆزی نوێی سعوودیە لە ئەنقەرە، وەلید عەبدولکەریم خرێجی، رایگەیاند: ''ئامانجمانە هاریکارییەکانمان لەهەموو بوارەکاندا، بەگشتی لە بواری وزەدا و بەتایبەت لە سێکتەری نەوتدا کە سعوودیە خاوەنی ژێرخانێکی گرنگە لەوبارەیەوە، لەگەڵ تورکیادا پەرەپێبدەین و ئەو وڵاتە لای ئێمە پێگەیەکی گرنگی هەیە و ئێمە و ئەوانیش دەتوانین سوود لەیەکتر ببینین''.
وەلید عەبدولکەریم خرێجی بەر لە سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعوودیە، لە 13-14ی ئەم مانگەدا، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
خرێجی باسی لەوەکرد کە وڵاتی تورکیا یەکێکە لە بەهێزترین ئەو وڵاتانەی کە کاریگەریی گرنگی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و لەنێوان سعوودیە و ئەو وڵاتەدا هاریکارییەکی نەگۆڕ لەبواری سەربازیی و بەرگرییدا هەیە. جەختی لەوەشکردەوە کە هەردوو وڵاتی سەرکردە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجیان ئەوەیە هاریکارییەکانییان لەبوارەکانی ئابووریی و بازرگانییدا بەرەوپێشبەرن.
باڵیۆزی نوێی سعوودیە لەئەنقەرە ئاشکرایکرد کە ئەنقەرە و ریاز لە ساڵی 2016دا 4 مانۆڕی سەربازییان ئەنجامداوە و گوتی: ''پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەبوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە''.
وەلید عەبدولکەریم خرێجی کە رۆژی 7ی شوبات کارنامەی خۆی وەک باڵیۆزی نوێی سعوودیە پێشکەشی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد، تیشکی خستە سەر بۆچوون و هەڵوێستی هەردوو وڵات کە لەزۆر بابەتی سیاسییدا و لەسەروو هەموویانەوە سەبارەت بە سووریا و عێراق هەڵوێست و بۆچوونییان پێکەوە دەگونجێت.
خرێجی باسی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیەی کرد و رایگەیاند: ''قەبارەی بازرگانیی نێوانمان بۆ 5 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، رێژەی گەشتیارە سعوودییەکان لە ساڵانی 2014، 2015، 2016دا و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و گەیشتووەتە ساڵانە 250 هەزار گەشتیار. ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2017دا قەبارەی بازرگانی نێوانمان بگەیەنینە 8 ملیار دۆلار''.
خرێجی گوتیشی: ''ئامانجمانە هاریکارییەکانمان لەهەموو بوارەکاندا، بەگشتی لەبواری وزەدا و بەتایبەت لە سێکتەری نەوتدا کە سعوودیە خاوەنی ژێرخانێکی گرنگە لەوبارەیەوە، لەگەڵ تورکیادا پەرەپێبدەین و ئەو وڵاتە لای ئێمە پێگەیەکی گرنگی هەیە و ئێمە و ئەوانیش دەتوانین سوود لەیەکتر ببینین''.