Heman Hussein Yaseen
17 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گاربریێلیوس لاندسبێرگیس کرد.
بەپێی ھەواڵێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و کێشەی کۆچبەران لە ئەورووپا کراوە.
لە ھەواڵەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەر ھەماھەنگییەکی پێویست لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران دووپات کردووەتەوە و جەختی لە گرنگیی رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووەتەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم رووەوە رێکاری توند و پێویستی گرتووەتەبەر.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا سوپاسی ھەماھەنگیی و ھاریکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی بێلاڕوس و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەوەیشخراوەتەڕوو کە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا ئامادەیی وڵاتەکەیشی دەربڕیووە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو بوارانەی جێی بایەخی ھاوبەشن، بەتایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردە.