Abdullah Shukur
16 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، ھەروەھا ویستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەریتانیا دووپات کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٦/١٢/٢٠١٩ لە ھەولێر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز ستیفن ھیکی، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق دوایین پێشھاتەکانی دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکان و پێشبینیی ئایندەی پرۆسەی سیاسییان لە وڵات تاوتوێ کرد".
ھەر لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کرا کە لەمیانی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق، ستیفن ھیکی، تاوتوێی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو، مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و جموجووڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و پێویستیی بەردەوامیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێودەوڵەتی بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی، دۆخی سووریا و ناوچەکە بەگشتی، چەند تەوەرێکی دیکە کراون.