ههولێر
رۆژی یەكشەممە 15ی شوبات شاندی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەبارەی چۆنیەتی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دیداریان ئەنجامدا بەپێی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە هەردوولا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
دواتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە هەردوو حكوومەت پابەندی دواین رێككەوتنن، بەغداش رازی بووە، كە سێ مانگ جارێ تێكڕای هەناردەكراوی نەوتی هەرێم هەژمار بكات.
بارزانی گوتیشی: "بەهۆی قەیرانی ئابووری كە رووی لە عێراق كردووە، بەغدا ناتوانێ ئەو بەشە بوودجەیەی هەرێم كەلە بوودجەی گشتیدا هاتووە، بەتەواوی بدات، بەڵام كۆبوونەوە و دیدارەكان لەسەر ئەو بابەتە لە نێوان هەردوولا بەكراوەیی ماوەنەتەوە، چاوەڕوان دەكرێ دانیشتنی دیكە ئەنجام بدرێت".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید بۆ ئانادۆڵو گوتی: "هۆكاری سەرەكی رێك نەكەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بڕیار بوو هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت بەڕێی سۆمۆی عێراق رەوانەی دەرەوە بكات، بەڵام لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم ئەو رێژەیەی بۆ تەواو ناكرێ".
حاجی رەشید باسی لەو هۆكارانە كرد كە بەغدا و هەولێر لەسەرچی نەگەیشتوونەتە ئەنجام و گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی نەوتی دیكەی هەیە هەروەها بەغداش بەهۆی قەیرانی دارایی كە رووی لە عێراق كردووە، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات، كە پابەندبێ بەو خشتەیەی كە پێشتر بۆی دیاری كراوە، هەرێمیش ناتوانێ بۆیە كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام بووە".
سەبارەت بەدەست پێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید گوتی: "كۆبوونەوەكان نەگەیشتوونەتە بن بەست چاوەڕوان دەكرێ هەفتەی داهاتوو گفتوگۆكان دەست پێ بكەنەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە، هەردوولا بگەنە ئەنجامێك".