Mazın Asad
19 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2016
فەرماندەیەکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی ھێزەکانی میحوەری چواری کەرکووک وەستا رەسول لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لێدوانی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەبارەی پەکەکەی بە درۆخستەوە.
وەستا رەسول لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ھێزی چەکداری پەکەکە بوونی لە ناوەندی شاری کەرکووک، ناوەندی شاری دووزخورماتوو، داقوق نییە. دەنگۆکانی سەرۆکی بەرەی تورکمانی ساڵحی بێ بنەمایە".
وەستا رەسول ئاماژەی بەوەش دا کە دوو ساڵە سنووری باشووری کەرکووک لە داعش دەپارێزن و گوتیشی: "لە پێناو پاراستنی شارەکە ھێزی پێشمەرگەی پارتی ئازادی ئێران، ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ژمارەیەکی کەمیش لە چەکدارانی پەکەکە بوونیان ھەیە. ئەم ھێزانە لە کۆنترۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە جموجۆڵ دەکەن".
فەرماندەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم بەھۆی ھەڕەشەی داعش لەسەر کەرکووک، دوو ساڵ لەمەوبەر داوای ناردنی ھێزێکی لە قەندیل کرد و بەم پێیەش ھێزێکی پەکەکە بۆ کەرکووک گواستراوەتەوە و گوتیشی: "بەھۆی کۆنترۆڵکردنی ھەندێک لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کەرکووک لە لایەن داعش و کەمی ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە، پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم داوای ھێزی پشتیوانی لە قەندیل کرد و بەم پێیەش ١٠٠ چەکداری پەکەکە بۆ میحوەری باشووری کەرکووک گواسترایەوە. لەو رۆژەوە ئەو ھێزانە لە پاڵ ھێزەکانی پێشمەرگە دژی داعش شەڕ دەکەن".
وەستا رەسول لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە تاکە بارەگایەکی پەکەکە لە نزیک مەکتەب خالید لە باشووری کەرکووک ماوە و زیاتر گوتیشی: "ژمارەی چەکدارانەی پەکەکە لە ناوچەکە کە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا ٥٠ کەس تێپەڕ ناکات. ھیچ لەمانە بۆ شار و ناوەندی شارۆچکەیەک تێپەڕ نەبوونە. لە پێناو شەڕکردن دژی داعش لە پاڵ ھێزەکانی پێشمەرگە جموجۆڵ دەکەن".