Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2016
هاوكات لەگەڵ بەردەوامی پێشڕەوییەکانی هێزەكانی عێراق بەرەو ناوەندی شاری مووسڵ، چەكدارە مەدەنییەكانی ناو شارەكە بۆ راپەڕین و رووبەڕبوونەوەی داعش لە چاوەڕوانی دڵنیایی پشتیوانی حكوومەتن.
پێشتر بۆ چەند جارێك داوا لە دانیشتوانی شاری مووسڵ كراوە دژی داعش راپەڕن تا ئەركی هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكەیان ئاسان بێت.
لە كاتێكدا ئەستەمە پێشبینی وادەی كۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بكرێت بەتایبەتیش كە بەم دواییانە داعش لەناو گەڕەكانی رۆژهەڵاتی ئەو شارە لەڕێگەی هێرشی خۆكوژی بەرەنگاری توند دەكات بەڵام چەكدارە مەدەنییەكانی شارەكە لە چاوەڕوانی دڵنیایی حكوومەتی عێراقدان بۆ ئەوەی لەكاتی رووبەڕبوونەوەیان بۆ داعش و داهاتووی ئاسایشی مووسڵ پشتیوانیان پێشكەش بكات.
لەمبارەیەوە لیوای خانەنشینكراو، عەمید سەلمان جبووری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زانیاریم هەیە كە ژمارەیەكی زۆر چەكداری مەدەنی لەناو مووسڵدا خۆیان حەشارداوە و دەتوانن لەڕێگەی داخستنی گەڕەكەكانیان، دژی داعش راپەڕن".
لە 17ی مانگی رابردوو سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ كە ناو نراوە " قادموون یا نەینەوا"، راگەیاند.
لە چوار هەفتەی رابردووی ئۆپەراسیۆنەكەدا، هێزەكانی عێراق بە دەیان شارو شارۆچكەیان لە دەورووبەری مووسڵ لە ژێر دەستی داعش دەرهێناوە. بەڵام بەم دواییانە داعش لەناو گەڕەكانی رۆژهەڵاتی مووسڵ لەڕێگەی هێرشی خۆكوژییەوە بە توندی بەرەنگاری هێزەكانی عێراق بووەتەوە.
سەلمان جبووری كە خۆی خەڵكی مووسڵە و لە ئێستادا لە شاری بەغدا نیشتەجێیە باس لەوە دەكات كە داعش لە كاردانەوەكانیدا زێدەڕۆیی دەكات بە ئەنجامدانی كارە وەحشیگەری و دڕەندەكانی لە مووسڵ و دەیەوێت خۆی لەناو ببات كە هەر ئەو كارانەی وایكردووە بوونی لە شارەكە رەت بكرێتەوە.
عەمید سەلمان جبووری داواشی كرد بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەڕێگەی كۆنترۆڵكردنی سیستەمی پەیوەندییەكان، شەڕی دەروونی دژبە داعش دەست پێ بكرێت.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هێشتا یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس لە شاری مووسڵدا هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی 55 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە شارەكە ئاوارە بوون.
هاوكات ئەفسەر لە فیرقەی 16ی سوپا، عەمید مازن فەزلی وای بۆ دەچێت كە نابێت حكوومەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، زیاتر پشت بە ملیشیا چەكدارەكانی شیعە ببەستێت.
پێشتریش بۆ چەند جارێك بەرپرسانی حكوومەتی عێراق رایانگەیاندبوو كە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵدا، هێزەكانی حەشدی شەعبی ناچنە ناو مووسڵەوە بەڵام سیاسەتمەدارانی عێراق متمانەیان بەو لێدوانانە نییە و هۆشداری لەو پێشیلكارییانە دەدەن كە چەكدارانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی سوننە لە مووسڵ ئەنجامی بدەن.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو مازن فازلی گوتی: "هێزەكانی سوپا و پۆلیس و دژە تیرۆر لەگەڵ خودی دانیشتوانی شاری مووسڵ خاوەنی ئەو هێزەن كە چارەنووسی شارەكە دیاری دەكەن".
فازلی دەشڵێت "دانیشتوانی مووسڵ بۆ ئەوەی سەر لەنوێ شارەكەیان لەلایەن هیچ هێزێكی ئەمنی بێگانە داگیر نەكرێت، پێویستیان بە چەند فاكتەرێكی گرنگ هەیە لەوانەیش حكوومەت کە بەڵێنیان پێ بدات كە لەڕێگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی و پشتیوانیان دەكات.
لە ترسی دووبارە بوونەوەی ئەو رووداوە تایفییانە كە لە ماوەكانی رابردوو حەشدی شەعبی دژبە هاووڵاتییانی سوننە لە پارێزگاكانی، ئەنبار، دیالە، سەڵاحەددین، ئەنجامیداوە، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی سوننە لە عێراق، بەشداریكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ رەت دەكەنەوە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بە ئاڵۆزترین و گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دوای ساڵی 2003وە، لە عێراق دادەنرێت.