05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بهرههم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، جەنەرال کینیس ماکنزی و کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆمار جەختی لە گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش لە بواری بەگژداچونەوەی تیرۆردا کردەوە، هاوکات دووپاتی لە بەدوورگرتنی عێراق لە بوونی بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و ناکۆکییەکانی ناوچەکە و جیهاندا کردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری عێراق، بهرههم ئەحمەد ساڵح ئاماژەی بەوەیشکردووە کە هەوڵی بەستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەکدا دەدات و گوتی: "هیچ بەرژەوەندییەکمان لە تێوەگلان لە ململانێکاندا نییە".
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها تیشک خرایە سەر بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەکشانەوەی هێزە بیانییەکان و دووپاتیش لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی عێراق و بڕیاری سەربەخۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا کرایەوە.
لای خۆیەوە فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، جەنەرال کینیس ماکنزی جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هاریکاری هاوبەش لە دژی تیرۆر و پشتیوانی لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکان و مەشقپێکردن و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا کردەوە.