Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2019
ھەڵەبجە ـ AA
ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا جووتیاران دەست بە دوورینەوەی بەرھەمی دانەوێڵەی ساڵەکەیان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی زۆری بارانبارینەوە دوورینەوەی گەنم و جۆ لە ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەک دواکەوت.
لە سنووری ھەڵەبجە کە دەشتی شارەزوور و ناوچەی ھەورامان لە خۆ دەگرێت و، بڕێکی باشی دانەوێڵە لەم ناوچەیەدا بەرھەم دێت، لە ئێستادا جووتیارەکان دەستیان بە دوورینەوەی دانەوێڵەکانیان لە رێگای دەڕاسەوە کردووە .
بە گوێرەی ئامارەکان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ١٧٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی ھەیە، لەو بڕەش ٧٠ ھەزار دۆنمی بۆ چاندنی دانەوێڵە بەکاردەھێنرێت و ساڵانە بەرھەمی دەیان ھەزار تۆن دانەوێڵەی ھەیە.

جووتیارێکی ناوچەی ھەورامان، ئەسعەد محەمەد کە سەرقاڵی دوورینەوەی گەنمەکەی بوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بەھۆی زۆری بارانبارینەوە بەرھەمی دانەوێڵە تا رادەیەک باشترە بەڵام کەمێک دواکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا مێرووی سن ( کیسەڵە)ش ھاتووە، بەڵام فریا نەکەوتووە زیان بە دانەوێڵەکانمان بگەیەنێت".
ناوبراو گوتیشی: "رێژەی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشتر باشترە و، رێژەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازترە".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ستار مەحموود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشی پاراستنی رووەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و لیژنەکانمان بەردەوامن لەکێوماڵکردنی مێرووی سن(کیسەڵە) لە کێڵگەکانی گەنم و جۆدا بە مەبەستی لە ناوبردنی ئەو مێرووە زیانبەخشە ".