Dilşad Seyfeddin Ahmed
11 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
ئەمڕۆ مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان لە ناو شاری سلێمانی دەستی پێ كردەوە و بۆ رۆژی 12 یەم چوونەوە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەكە لە سەر شەقامی سەرەكی سالم و شەقامەكەیان داخستەوە.
مامۆستایان داوای مووچەی چوار مانگی رابردوویان دەكەن كە لەلایەن حكوومەتەوە پێیان نەدراوە، بەڵام بڕیارە سبەی دووشەممە حكوومەتی هەرێم مووچەی مانگی تەمووزی رابردوو بدات بە مامۆستایان و كارمەندانی وەزارەتی پەروەردە.
دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز مامۆستایانی لە مانگرتن و خۆپیشاندانەكان پاشگەز نەكردۆتەوە.
لە كۆبوونەوەی دوێنێ شەممەی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بڕیاردرا مانگرتن تا رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەردەوامی هەبێت.
جیاوازی مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی دیكە ئەوەیە كە ئەوان بەشێوەیەكی هێمنانە خۆپیشاندانەكانیان ئەنجام دەدەن و دروشمیان مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانە و ئاشتیانەیە.
هەروەها رێگا نادەن لە خوێندنەوەی وتار و دروشمەكاندا هێرش بكرێتە سەر هیچ حزب و لایەنێك، ئەوەیش كێشەی بۆ سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكە دروستكردووە بەهۆی ئەوەی هەندێك كەس دەیانەوێت خۆپیشاندانەكە بقۆزنەوە بۆ هێرش كردنە سەر لایەنەكان.
یەك لەسەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكە عادل حسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك مامۆستایان بەردەوامین لە مانگرتن و خۆپیشاندان تا وەرگرتنی مووچەی مانگەكانی رابردوو، ئێمە لێرەوە وانەكانمان دەڵێینەوە و قوتابییەكانمان فێری وانەی گەندەڵی دەكەین و فێریان دەكەین هیچ گەندەڵییەك لەكەس قبووڵ نەكەن".
مامۆستایەكی دیكەی بەشداری خۆپیشاندانەكە دارا حەمەحسێن گوتی: "ئیرادەی تاكی كورد زۆر تێكشكێنراوە و نازانین بە چ رۆحێتێكەوە بچینەوە پۆلەكان و دەست بە وانەگوتنەوە بكەین بە قوتابیان".
ئەو مامۆستایە گوتیشی: "بەداخەوە دەسەڵات گوێی لە داخوازی مامۆستایان و هاووڵاتییان نەگرت و زۆر بێباك بوو بەرامبەر داواكانیان، ئەوەش وای كرد توڕەیی خەڵك بەو شێوەیە بتەقێتەوە".
مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی رۆژانە لە سەعات 9 تا 11ی پێش نیوەڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بەڕێوەدەچێت، تییدا چەندین دروشم و هوتاف بەرز دەكرێتەوە و مامۆستایان پەیامی خۆیان دەخوێننەوە.
لەلای خۆشیانەوە هێزەكانی ئەمنی رێوشوێنی ئەمنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی خۆپیشاندانەكان.