هه‌ولێر-AA
حه‌مدی ده‌شڵێت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌ڵگرانی ره‌گه‌زنامه‌كانیان له نێو داعش كاریگه‌رییان هه‌بووه و به‌شداری قڕكردنی پێكهاته‌كان بوون ده‌بێت قه‌ره‌بۆی قوربانییان بكه‌نه‌وه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: له‌باره‌ی به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌و كاره‌ساته مرۆییه‌ی به‌هۆی چه‌كدارانی داعشه‌وه ده‌رهه‌ق به پێكهاته‌كانی نه‌ینه‌وا و به‌تایبه‌ت شه‌نگال و ئێزیدییه‌كان كرا چی نوێ له ئارادایه؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "وه‌كو دیاره 3ی ئابی ساڵی 2014 پڕۆسه‌ی داگیركردنی ناوچه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری ده‌ستی پێكرد، كۆمه‌ڵكوژی ده‌رهه‌ق به پیكهاته‌ی ئێزدی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدرا، هه‌رزوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێژنه‌یه‌كی باڵای راگه‌یاند و ئه‌و لێژنه‌یه ده‌سته‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی له پارێزگای دهۆك به‌سه‌رپه‌رشتی دادوه‌رێك دامه‌زراند و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت ده‌ستی پێكرد وه‌كو وه‌زاره‌تی داد و ناوخۆ و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌و به‌ڵگه‌نامانه وه‌ربگرین كه له‌به‌رده‌ستدا هه‌ن، بۆیه هه‌مووان كارمان كرد بۆ ئه‌م كه‌یسه سوود له به‌لگه‌نامه‌كان وه‌ربگرین، ئێستا له‌رووی به‌ڵگه‌نامه و دێكیۆمێنت و لێكۆڵینه‌وه كه‌یسی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان و ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاماده‌یه و به دوو به‌ش، بهشَكیان له هۆڵه‌ندا پێشكه‌شی دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی(ICC) كراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و دێكیۆمێنت و به‌ڵگانه پێشكه‌شی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیش كراوه.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تاوتوێ كردووه، كه ئه‌وانیش به سێ ئاڕاسته‌دان ئه‌وانیش بریتیین له‌وه‌ی یه‌كه‌م پڕۆژه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر له دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی(ICC) ئه‌م كه‌یسه بكرێته‌وه، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌تمه‌ند دروست بكرێت، سێهه‌میش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆدا بێت، به‌پێی ئه‌و یاسایانه‌ی دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی كارییان له‌سه‌ر ده‌كات ئێمه گرفتی یاساییمان هه‌یه، گرفته‌كه‌ش گرێ دراوه به عێراق و ئه‌ندام نه‌بوونی دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و رێككه‌وتننامه‌ی رۆما، پێده‌چێت ئه‌و به‌ربه‌سته به‌هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر نه‌بێت، بۆیه بژارده‌ی دووه‌ممان له‌به‌رده‌ستدایه كه دامه‌زراندنی دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌تمه‌نده بهرهههندێكی نێوده‌وڵه‌تی، دادگه‌یه‌ك بێت به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش یان به بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دابمه‌زرێت و دادوه‌ر و لێكۆڵه‌ری بیانی و نێوخۆیی تێدابێت و به‌پێی یاساكانی عێراق و نێوده‌وڵه‌تی كاری تێدا بكرێت، هاوشێوه‌ی ئه‌و دادگایانه‌ی پێشتر له یۆگسلافیا یان له ئه‌ڵمانیا و سربیا و لوبنان دامه‌زرا، ئێستا ئه‌م هه‌نگاوه زیاتر گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت، وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و لێژنه‌ی باڵای ناساندنی جینۆساید له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانی بیانی له هه‌ولێر كونسوڵخانه و نوێنه‌رایه‌تییان هه‌یه دانیشتوون و گفتوگۆیان له‌وباره‌یه‌وه كردووه، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌ت له‌ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئۆرگانه فه‌رمییه‌كان و ئۆرگانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه رێكخراون و له‌م باره‌یه‌وه كار ده‌كه‌ن، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان تاوتوێ كردووه، ئێستا ئاڕاسته‌كه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه دادگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ تاوانه‌كانی داعش دروست بكرێت و له‌چوارچێوه‌ی تاوانه‌كانی داعش تاوانه‌كانی دژ به پێكهاته‌ی ئێزیدی و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدراوه، له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه و دێكیۆمێنت و شاهێد حاڵ و تاوانه‌كه و زه‌ره‌ر و جهسامهتی ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامدراوه هه‌مووی ئاماده‌كراوه و ماوه‌ته‌وه شوێنێك هه‌بێت ئه‌و كه‌یسه‌مان لێ وه‌ربگرێت و لێكۆڵینه‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه بكات و بڕیاری كۆتایی له‌باره‌یه‌وه ده‌ربكات".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌ی له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌تی عێراق چی كراوه؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش به دوو نامه موفاته‌حه‌ی سه‌ركۆماری عێراق و سه‌رۆكوه‌زیران و په‌رله‌مانی عێراقمان كردووه كه په‌له بكرێت له پێداچوونه‌وه به یاساكانی عێراقی و پاشان عێراق له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاوی پێویست له‌مباره‌یه‌وه بهاوێژێت، به‌داخه‌وه عێراق له ساڵی 2014 تا ساڵی 2016 له‌مباره‌یه‌وه زۆر سست بووه، پاش پڕۆسه‌ی ئازادكردنی مووسڵ هێزه‌كانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌و تاوانه‌ی داعش ئه‌نجامی داون به‌ڵگه‌نامه‌ی زۆریان ده‌ست كه‌وتووه له‌و تاوانانه‌ی كه داعش ئه‌نجامی داون، چی له‌رووی تۆمار یان به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی بێت چی له‌رووی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه، ئێستا له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش هه‌ست ده‌كرێت جوڵه‌یه‌ك هه‌یه، به‌ڵام دیار نییه ئه‌و جوڵه‌یه به‌چی ئاراسته‌یه‌كدایه، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌وان به‌و ئاراسته‌یه كار بكه‌ن كه ئه‌و به‌ڵگه و دێكیۆمێنتانه كۆبكه‌نه‌وه و دادگه‌یه‌كی تایبه‌ت وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشتر بۆ سه‌رانی به‌عس له‌عێراق دروست كران دروست بكرێت و له‌و دادگه‌یه بیخه‌نه ڕوو، به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی ئێمه جیاوازبێت، چونكه بڕیاره‌كانی پێشووی دادگه حكوومه‌تی عێراق وه‌كو پێویست به‌ته‌واوه‌تی پێوه‌ی پابه‌ندنه‌بوون، به‌ڵام له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا ده‌بێت هه‌ماهه‌نگییمان هه‌بێت و كار له‌سه‌ر ره‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كه بكه‌ینه‌وه و زه‌مانه‌ت و گه‌ره‌نتی بۆ ئه‌و پێكهاتانه بگه‌ڕێنینه‌وه كه له‌م ناوچه‌یه‌دا پێكه‌وه ده‌ژین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته ئێوه به‌جیاواز له عێراق كارده‌كه‌ن؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "جیاوازی نێوان ئێمه و عێراق چییه؟، چونكه ئه‌و هێرشه زیاتر له ناوچه‌كانی شنگال و ده‌وربه‌ری ئه‌نجامدراوه و له‌وێ كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید ئه‌نجامدرا بۆیه له‌و ناوچانه‌ی پێشووتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیركرابوون ئه‌و تاوانانه ئهنجامنهدرابوون، شوێنه‌كان ته‌سلیم كران و خه‌ڵكیش به‌زۆرینه موبایه‌عه‌ی داعشییان كرد دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق به‌جێیان هێشت، به‌ڵام له‌ناوچه‌كانی كوردنشین و ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ربوون كۆمه‌ڵكوژی كرا، بۆیه هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێك پێش عێراق كه‌وت و لێژنه‌ی باڵای دروست كرد و ده‌ستی به كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كان كرد و تاوانه‌كانی به دێكیۆمێنت كرد و له‌رێگه‌ی میدیاوه كاری زۆر باش كرا كه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی په‌له بكات له‌وه‌ی مه‌ترسی تیرۆر له‌و بازنه‌یه رابگیرێت و له تیرۆر بدرێت و دواتر ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو نه‌مێنێت، بۆیه مه‌سه‌له‌كه له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرت و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه له‌كوردستانه‌وه برانه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌شی له‌نێو ناوچه‌كانی كوردستان و دژ به پێكهاته‌كانی كوردستان كرا تاوانی زۆر قێزه‌ون بوون و قڕكردنی به‌كۆمه‌ڵ بوون و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بایه ره‌نگه تاوانی گه‌وره‌تریش روویان دابا".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته جیاوازی ئێوه و عێراق ئه‌وه‌یه عێراق ئه‌یه‌وێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به نێوخۆیی بكات، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌یه‌وێت به نێوده‌وڵه‌تی بكات؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "هه‌رێمی كوردستان پێشتریش له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا كورد كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر كراوه، پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان جینۆسایدیان به‌رامبه‌ر كراوه، ئه‌و جینۆسایدانه‌ی پێشتر له كۆتایی شه‌سته‌كان و حه‌فتا و هه‌شتاكاندا به‌رامبه‌ر به خوێنی هاووڵاتییانی كوردستان كراوه و حه‌لال كراون به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووه چونكه كورد بوون، بۆیه ئه‌گه‌ری مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی جینۆساید زیاتره له‌م ناوچه‌یه‌دا، بۆیه هه‌رێمی كوردستان زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ره‌هه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كه ده‌كاته‌وه له‌به‌ر سێ هۆكاری سه‌ره‌كی، هۆكارێكیان بریتییه له پاراستنی ئه‌و پێكهاتانه و هه‌رێمه‌كه‌یه، هۆكارێكی تر دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانه بۆ ئه‌و ناوچانه، هۆكاری سێهه‌میش بریتییه له قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه و گه‌ره‌نتییان بۆ دورست بێت كه جارێكی دیكه ئه‌و كار و تاوانانه دووباره نابنه‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كێ قه‌ره‌بوویان ده‌كاته‌وه؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "به‌پێی بڕیاره‌كانی دادگه هه‌ر لایه‌نێك كه‌مته‌رخه‌میی هه‌بووه، هه‌ر لایه‌نێك ده‌ستی له‌تاوانه‌كه هه‌بووه، هه‌ر وڵاتێك كه هه‌ڵگرانی ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی له‌نێو داعش و هه‌یكه‌لی رێكخراوه‌یی كاریگه‌ربوون و به‌شداریی تاوانه‌كه‌یان كردووه ده‌بێت قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه، ده‌بێت كۆمه‌ك هه‌بێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه و دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئه‌و ناوچانه و بونیادنانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانیش".
ئاژانسی ئانادۆڵو: به‌ڵگه‌نامه و دێكیۆمێنتهكان چۆنن؟ چه‌ندن و چه‌ند لاپه‌ڕه و شاهێدحاڵن؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "ته‌نها ئه‌گه‌ر ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی دهۆكتان بۆ باس بكه‌ین ئه‌وا زیاتر له دوو هه‌زار كه‌یس كراونه‌ته‌وه، هه‌زار و 500 كه‌یس هه‌موو به‌ڵگه‌نامه و لایه‌نی لێكۆڵینه‌وه و هه‌موو شتێكی ته‌واوه و كامڵ بووه و هیچ كهموكورتییان تێدا نییه، هه‌رچی له شاهێدانی خۆیان بهدێكیۆمێنت باسكراوه و بهبهڵگهنامهكراوه، له‌وێ باسی جۆری تاوانه‌كان به هه‌موو شێوازه‌كانی كراوه، چونكه تاوانه‌كان جیاوازن.
هه‌روه‌ها له‌رووی ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌و بڵاوكراوانهشی كه داعش خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه و وه‌كو ده‌ستكه‌وت له‌قه‌ڵه‌میان داوه ئه‌وانه هه‌مووی تاوانه و به‌ڵگه‌نامه‌ن، هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه تاوانه‌كانییان تێدا ئه‌نجامدراوه و پێكهاته‌ی ئه‌و شوێنانه پێش و دوای ئه‌نجامدانی جینۆساید، له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌ره‌ری له‌و ناوچه‌یه كه‌وتووه و له قوربانییانیش، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی كه لهكهمپهكاندان و ئه‌وانه‌شی كه ده‌ربازییان بووه و شاهیدییان داوه، هاوكات ئه‌وه‌ش باسكراوه كه ئه‌وانه‌ی دره‌باز بوون چی‌یان لێكراوه و چۆن بووه به وردی، ئه‌مانه هه‌مووی به بهڵگهنامهكراون.
به‌حوكمی ئه‌و زیانه‌ی به‌ر پێكهاته‌ی ئێزیدی كه‌وتووه زۆترین خه‌ڵكیان رفێندراوه و ئاواره بووه، بۆیه كاره‌ساتێكی مرۆیی زۆر گه‌وره دژی ئه‌وان روویانداوه، به‌ڵام پێكهاته‌كانی دیكه‌ش زه‌ره‌رمه‌ندبوون، ئێمه كارمان له‌سه‌ر هه‌موو كردووه، به‌ڵام وه‌كو به‌راورد كردن ژماره‌ی دۆسیه و شاهێد حاڵ و قوربانییان و ته‌نانه‌ت رووبه‌ری جوگرافیش هی ئێزیدییه‌كان زیاتر له‌به‌رده‌ستدایه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: پڕۆژه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی پرۆگرامی جینۆساید بخرێـته نێو پرۆگرامه‌كانی خوێندن له زانكۆكانی هه‌رێم، ئه‌م بابه‌ته چی لێ به‌سه‌ر هات؟
به‌ره‌ڤان حه‌مدی: "جینۆساید بووه به به‌شێك له مێژووی ئه‌م میلله‌ته، به‌به‌رده‌وامی جینۆسایدمان به‌سه‌ر كراوه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له منداڵییه‌وه تاكی كوردی هۆشیار بێت له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه دژ به میلله‌ته‌كه‌ی ئه‌نجامدراوه و بۆ ئه‌وه‌ی كه قێزه‌ونی ئه‌و تاوانانه بگات و له‌گه‌ڵ پڕنسیپی مافه‌كانی مرۆڤ تێ بگات، له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له سێ ئاست له قۆناغی یه‌ك بۆ پێنجه‌م به‌ساده‌یی وه‌كو زاراوه و وێنه هه‌یه، له پێنجه‌م بۆ نۆیه‌م كه‌مێك فراوانتر بووه، له نۆیه‌م بۆ دوازده پێناسه‌كان گشتگیرتره و جوانتر شیكراوهتهوه.
خۆشبه‌ختانه له كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بڕیار درا بابه‌تی جینۆساید پابه‌ند بكرێت له‌هه‌موو زانكۆ و پهیمانگایهكان بخوێنرێت و به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر، هه‌روه‌ها له توێژینه‌وه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر و هه‌روه‌ها دكتۆراش گرنگی زیاتری پێ بدرێت له‌رووی زانستییه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌كو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك هه‌بێت و دواتر وه‌كو سه‌رچاوه به‌كاربهێنرێت له‌باره‌ی ئه‌و جینۆسایده‌ی كه ده‌رهه‌ق به پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه.
له ساڵی داهاتوو له قۆناغه‌كانی زانكۆ بابه‌تی جینۆساید ده‌خوێندرێت و ره‌نگه بۆ ساڵی دواتریش كورسیی ته‌رخان بكرێت به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاسته كۆلیژه مرۆییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌بێت له ماسته‌ر و دكتۆرا و ئیدی به‌شی جینۆسایدیش له زانكۆكانی دیكه بكرێته‌وه و له‌وانه‌شی كه ئێستا هه‌یه گه‌شه‌پێبدرێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

