Salim Xemexan
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
ھەڵەبجە - AA
بەڕێوەبەری لقی ھەڵەبجە دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئازاد مستەفا دەربارەی ئامانجی دیبەیتەکەی ئەمرۆیان رایگەیاند " بۆ تۆخکردنەوەی رۆحییەتی پێکەوەژیان لەناو ھەڵەبجەدا، بەو پێیەی پێکەوە ژیانی ئایینی لەم ناوچەیەدا تۆمارێکی پاکی ھەیە، بۆیە دەمانەوێت بەم جۆرە دیبەیتانە ھەڵەبجە بە نموونە بناسێنین وەک چۆن لە زۆر بواری تردا نموونە بووە، دەمانەوێت ھەڵەبجە زیاتر نموونەیی بکەین بۆ ئەوەی کە ئەو پێکەوە ژیانە ئاشتیەی ئایینەکان لە ھەڵەبجە ھەیە بڵاوببێتەوە بۆ ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان و بگرە عێراقیش".
ئازاد مستەفا لە لێدوانێکدا بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "وەک ئاشکرایە ئێستا لە عێراق و بگرە لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیادا یەکتر قبووڵ نەکردن بووەتە کێشەیەکی ھەرە گەورە و رێگر لەبەردەم ژیانی ئاسوودەی خەڵکیدا، بۆیە بوونی مەزھەبێکی جیا یاخود نەتەوەیەکی جیا یان رەنگێکی جیا نابێت بگاتە ئاستی یەکتر کوشتن و سڕینەوەی بەرامبەر، لەبەر ئەوە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەو گیانی پێکەوە ژیانەی لێرە ھەیە بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی تر".
راشیگەیاند "ئەمە ١١هەمین دیبەیتی دەزگای ژیانە بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئەم پرسە و بە ھاوکاریی یەکێتی ئەورووپا ئەنجام دراوە، ھەموو ئەم دیبەیتانەی پێشتریش بە ئامانجی ئامادەکاریی بووە بۆ دیبەیت و کۆنفرانسێکی فراوانتر بۆ پێکەوەژیانی ئایینی بە بەشداریی ئایین و مەزھەبە جیاوازەکانی تەواوی کوردستان کە ئومێدەوارین بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکی ئەمساڵدا لە ھەڵەبجە ئەنجامی بدەین".