Salim Hemexan
22 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2018
ھەڵەبجە – AA
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، رائید بەرزان عوسمان لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆ ئامادەی بوو، وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی: "شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی ئەم مانگە گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ ھەستاوە بە کوشتنی دایک و باوک و دوو برای، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماڵی خۆیان تاوانەکە ئەنجام دەدات و لە خەودا دایک و براکانی دەکوژێت، پاش گەڕانەوەی باوکیشی بۆ ماڵەوە ئەویش دەکوژێت و دواتریش تەرمەکانیان بە ئۆتۆمبێلەکەی باوکی دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار و تەرمی باوک و براکەی لە چیای شنروێ (رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە) و لەژێر قەمتەرەی جادەی شاخەکەدا دایان دەنێت و تەرمی دایک و برا بچووکەکەشی دەباتە چەمی کانی گوێز و تەرمەکان لەوێ فڕێ دەدات".
گوتیشی: "پاش ئەوەی شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە و ئاسایشی شارەکە لە تاوانەکە ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمی ھاوبەش پێکھێنرا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەفسەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و دوای گەڕان و پشکنین توانرا تەرمەکان بدۆزرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ پزیشکی دادوەری و دوای پشکنین بدرێنەوە بە کەسوکاریان و ھەر دوێنێ شەو تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر کرا".
گوتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە گوتی: "تۆمەتبارەکە کوڕی ماڵەکەیە و تەمەنی ١٨ ساڵە و پیشەی خوێندکارە و دوای دەستگیرکردنی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە، کوژراوەکانیش کە مدریک شەفیق باوکییەتی تەمەنی ٤١ ساڵە و دایکیشی کە تەمەنی ٣٧ ساڵە بەناوی سروە ئیبراھیم حەسەن و ھاوکار مدریک شەفیق کە برا گەورەیەتی تەمەنی ٢٠ ساڵە و کۆیار مودریک شەفیق کە برا بچووکیيەتی تەمەنی ٧ ساڵە".
بەرزان عوسمان زیاتر گوتی: "تاوانەکە بە چەکی کڵاشینکۆف ئەنجام دراوە و گواستنەوەی تەرمەکانیش بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان ئەنجام دراوە، کوڕەکەش ھیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە و پاڵنەری کوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەشی بۆ ئێرەیی بردن بە برایەکی گەڕاندووەتەوە کە گوایە خێزانەکەی ئەویان خۆشترویستووە".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە رەتیشی کردەوە کە ھیچ کەسێک ھاوکاریی تۆمەتبارەکەی کردبێت لە کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی و گوتی: "دەمانەوێت ئەوە روون بکەینەوە کە ئەم تاوانە تاوانێکی تاکە کەسییە و ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە کە کەسێک یارمەتی داوە یان کەسێکی تر کوشتبنی دوورن لە راستیەوە و ئێمەش وەکو ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس نیگەرانین لەو تاوانەی روویداوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە توانیومانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایش بکوژەکە دەستگیر بکەین و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دادوەری لێکۆڵینەوە دان پیانانەکەی وەرگرتووە و ئیجرائاتی یاسایی تەواو بووە".