Burhan Sansarlıoğlu
06 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
ئیستانبوڵ - AA
سندوقی سعوودیە بۆ گەشەپێدان رایگەیاند، رێککەوتنێکی واژوو کردووە بۆ سپاردنی پێنج ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندیی تورکیا.
سندوقی سعوودیە بۆ گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە بە رێنمایی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود و جێنشین محەمەد بن سەلمان دراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە رێککەوتنێک لەنێوان وەزیری گەشتوگوزاریی سعوودیە و سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاریی سندوقی سعوودیە بۆ گەشەپێدان، ئەحمەد ئەلخەتیب لەگەڵ سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، شەهاب کاڤجیئۆغڵو بۆ سپاردنی پێنج ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندیی تورکیا، واژوو کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم رێککەوتنە کە لە رێگەی سندوقی سعوودیە بۆ گەشەپێدان بەدیهاتووە، نەک هەر بەڵگەی هاوکاریی نزیک و پەیوەندیی مێژوویی نێوان سعوودیە و کۆماری تورکیایە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی تورکیا، هەروەها راگەیەندراوە: "ئامانج لەم رێککەوتنە بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا. سعوودیە بەم رێککەوتنە پاڵپشتییەکی بەهێزی خۆی بۆ گەلی تورکیا و متمانەی خۆی بە ئایندەی ئابووریی تورکیا دەخاتەڕوو".