Eda Özdener
22 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
ئەنقەرە - AA
ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی لە ماوەی حەوت مانگی ساڵدا سەردانی تورکیایان کردووە، بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو سەدا ١٢٨،٢٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٣ ملیۆن و ٣٠ هەزار و ٢٠٩ کەس.
وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، زانیاری سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتیارانە بڵاوکردەوە کە لە مانگەکانی کانوونی دووەم-تەمووز سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، ژمارەی سەردانکەرانی بیانیی لە کانوونی دووەم-تەمووز بە بەراورد بە حەوت مانگی ساڵی رابردوو سەدا ١٢٨،٢٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٣ ملیۆن و ٣٠ هەزار و ٢٠٩ کەس.
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییانیان زۆرترین سەردانی تورکیایان کردووە؛ ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمدایە کە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو سەدا ١٣٧،٣٧ زیادی کردووە کە ژمارەیان دوو ملیۆن و ٩٩٢ هەزار و ٥٥١ کەسە، رووسیا لە پلەی دووەمدایە کە سەدا ٤١،٣٦ زیادی کردووە و ژمارەیان دوو ملیۆن و ١٩٧ هەزار و ٣٣١ کەسە، بەریتانیا لە پلەی سێیەمدایە کە ژمارەیان یەک ملیۆن و ٨١٠ هەزار و ٢٤٨ کەسە، پاشان هەریەک لە بولگاریا و ئێران دێن.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای ئاماری تورکیا، تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی تورکیایان کردووە لەگەڵ سێ ملیۆن و ١٦٥ هەزار و ٥٣٨ هاووڵاتی تورکیا کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، گەیشتووەتە ٢٦ ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٧٤٧ کەس.
- لە تەمووزدا ژمارەی گەشتیاران سەدا ٥٢،٨٤ زیادی کردووە
لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی تورکیایان کردووە بە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو سەدا ٥٢،٨٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە شەش ملیۆن و ٦٦٥ هەزار و ١٢٩ کەس.
ریزبەندی ئەو وڵاتانەشی لە تەمووزدا زۆرترین گەشتیاریان سەردانی تورکیایان کردووە بوم شێوەیە: ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و بولگاریا.