Mazın Asad
09 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان
نووسینگەی ھەماھەنگی ھاوکاریی مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا کە بەھۆی شەڕو پێکدادانە قورسەکانی شاری حەلەب باکووری سووریا، ٣٠٠ ھەزار کەس لە شارەکە گیریان خواردووە و بەم پێیەش نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بەو پێشھاتانە نیشان دا.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرحان حەق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "نووسینگەی ھەماھەنگی ھاوکاریی مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیگەرانییەوە چاودێری گیرخواردنی ٣٠٠ ھەزار کەس لە رۆژھەڵاتی شاری حەلەب دەکات".
حەق روونی کردەوە کە لە چەند ھەفتەی رابردوودا شەڕو پێکدادان لە حەلەب و ناوچە گەمارۆدراوەکانی سووریا چڕبووەتەوە و راشیگەیاند کە پێکدادانە قورسەکان و ھێرشە ئاسمانییەکانەوە رێگە بۆ کوژران و برینداربوونی خەڵکێکی زۆر خۆش دەکات.
ناوبراو لە درێژەدا ئاشکرای کرد کە شەڕو پێکدادانەکان بە درێژایی "رێگەی کاستێلۆ" درێژەی ھەیە کە تاکە رێگەی ھاتوچۆیە لە شاری حەلەب و گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا بەھۆی شەڕی قورس لە شارەکە، رێگەی گەیاندنی ھاوکاریی بۆ هاووڵاتییان پچڕاوە و ھەروەھا مەترسی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل زیاد کردووە".