Mazın Asad
10 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەرواری ٣ تا ٩ی تشرینی دووەم، ١١٥ تیرۆریست کوژراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا راگەیەندراوی ھەفتانەی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ٣ تا ٩ی تشرینی دووەم لە باکووری عێراق و شرناخ و دیاربەکر بۆ پاککردنەوەی تیرۆریستان بەڕێوە چوو، ھێشتا درێژەی ھەیە.
لەو چوارچێوەیەدا ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە ناوچەی بەستلار-دەرەلار لە شاری شرناخ و ئۆپەراسیۆنێکی نیمچە فراوان لە شارۆچکەی لیجەی دیاربەکر و ناوچەی زاب و ئاڤەشین-باسیان ئەنجام دراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان، ١١٥ تیرۆریست کوژراوە و دەستبەسەر ھەشت چەک، دوو دژە مووشەک، دوو دژە مین، نیو کلیۆگرام ماددەی تەقێنەری A-٤، ٥ کلیۆگرام TNT، ١٧٨ کلیۆگرام ئەمۆنیوم نیترات، ٢٢ بۆمبی دەستی، ٥ ھەزار و ٨٢٢ چەکی جۆراوجۆری سووک، دوو گوللە ھاوەن، ١١ گوللەی ئارپێچی، دوو ئامێری لاسیکی، دوو دووربین و ٥٢ قنینە غاز گیراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ٢١ بۆمبی دەستی پوچەڵکراوەتەوە و ٧٤ بارەگا و حەشارگە، ئەشکەوت و کۆگای تیرۆریستان خاپور کراوە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا روونیش کراوەتەوە کە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی ئەمنی سنوورەکان، ١٠ ھەزار و ٣٩ کەس دەستگیر کراون کە ویستویانە بە رێگەی نایاسایی بۆ تورکیا دەرباز بن.
ھەر لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دوو سەربازی تورکیا گیانی لەدەست داوە و ١٥ی دیکەش بریندار بوون.