Fecri Barlık
17 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
سێرت - AA
رووباری کۆپروچای کە دەکەوێتە شارۆچکەی پەرواری سەربە پاریزگای سێرت لە وەرزی بەهاردا، دیمەنێکی ناوازەی هەیە.
ئەم رووبارە لە دامێنی چیای هەرەکۆڵدا هەڵکەوتووە و درێژییەکەی هەشت کیلۆمەترە، بەهۆی بوونی رەنگەجیاوازەکان و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانییەوە، شوێنێکی ناوازەیە بۆ ئەو کەسانەی خولیای وێنەگرتنیان لەناو سروشتدا هەیە.
موختاری گوندی کۆپروچای، شوکرو کۆچاک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە رووباری کۆپروچای، هەرچەندە دیمەنێکی ناوازەی هەیە، بەڵام لەلای کەسانێکی کەم، ئاشنایە، گوتیشی: "دەمانەوێت رووباری کۆپروچای لە رووی گەشتوگوزارەوە بگات بەو ئاستەی کە شایەنییەتی. ئێرە دیمەنێکی نایابی هەیە، بەڵام کەسانێکی زۆر لەبارەی ئێرەوە زانیارییان نییە، ئەگەر بناسرێت ئەوا گەشتیارێکی زۆر رووی تێ دەکەن".

شوکرو کۆچاک جەختی لەوەش کردەوە کە لە ناوچەکەدا، هیچ مەترسییەکی ئەمنی نەماوە و چاوەڕێن هەمووان بێن و رووباری ناو گوندەکەیان ببینن.
یەکێک لە دانیشتوانی گوندی کۆپروچای، بە ناوی عەبدولجەلیل کزڵ باسی لەوە کرد دیمەنی سروشتیی ناوچەکە پارێزراوە و رایگەیاند "بۆ سەیران دێین بۆ ئێرە. دەمانەوێت هەمووان بێن بۆ ئێرە و ئەم دیمەنە ببینن. لە رابردوودا هەندێک کردەی تیرۆریستی لەم ناوچەیەدا روویاندا، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا هیچ کێشەیەک نەماوە.
زەکی ئەرەن هاووڵاتییەکی شاری سێرتە کە بۆ گەشت رووی لەم گوندە کردووە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رووباری کۆپروچای یەکێکە لە جوانترین ئەو رووبارانەی لە ژیانمدا بینیومە. بەتایبەت هاژەی ئاوەکەی وا مرۆڤ مەست دەکات کە ناتەوێت بەجێیبهێڵیت. پێشتریش هاتووم بۆ ئەم گوندە، بەڵام ئێرەم نەبینیوە، ئەمجارە هەلی ئەوەم بۆ رەخسا لە نزیکەوە رووباری کۆپروچای، ببینم پێویستە گەشتیاران بێنە ئێرە و ئەم دیمەنە جوانە ببینن".
