Muhammet Ali Kemal
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
راگەیەنرا کە لە رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا کە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆیان کردووە، هیچ پابەندییەکی سەبارەت بە بزووتنەوەی حەماس تێدا نییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێکی باڵای تورکیاوە دەستکەوتوون، رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولایە، رۆژی یەکشەممە ٢٦ی حوزەیران لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کارەکانی تەواوبووە.
لەکاتێکدا ئاماژە بەوەدەکرێت کە ئیسرائیل لە ئاداری ساڵی ٢٠١٣دا داواکاریی یەکەمی تورکیای جێبەجێ کردووە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ''داوای لێبوردنی لە وڵاتێکی بیانی کردووە''، لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەدا دوو داواکارییەکەی دیکەی ئەنقەرە لە ئیسرائیل جێبەجێکراون.
بەم پێیەش ئیسرائیل ئەوەی قبووڵ کردووە کە قەرەبووی قوربانییانی هێرشەکەی کەشتی مەڕمەڕە بکاتەوە و رێگە بە تورکیاش بدات هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێتە غەززە.
- ''لە غەززە پرۆژەی گشتگیر ئەنجامدەدرێن''
لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵاتدا، تورکیا پێداویستیی و کەلوپەل لە بوارە مەدەنییەکاندا لەناو ئەوانەشدا هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە غەززە و ژمارەیەک وەبەرهێنان لە ژێرخانی کەرتەکەدا دەکات، بەو شێوەیەش ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتوانی غەززە درووست دەکرێت و نەخۆشخانەی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی ''دۆستایەتی تورکیا-فەڵەستین'' لە کورتترین ماوەدا بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
سەرەکیترین کێشەکانی دانیشتوانی غەززە کە بریتین لە نەبوونی کارەبا و ئاوی خواردنەوە، لەڕێگەی زیادکردنی بڕی ئەو ئاو و کارەبایەوە کە دەدرێتە غەززە و درووستکردنی وێستگەی نوێوە چارەسەر دەکرێت. بەو شێوەیەش لە غەززە ژمارەیەک پرۆژەی گشتگیر دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.