Mazın Asad
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەبارەی قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، رایگەیاند: "ئێمە دەڵێین 'با سعوودیە برا گەورەیی نیشان بدات'. ئامانجمان، دەستەبەرکردنی یەکێتی نێوان گشت وڵاتانی کەنداوە. رووداوەکان لەگەڵ مرۆڤایەتیش ناگونجێت. ئێمە پشتیوانی مرۆیی پێویست ئەنجام دەدەین کە ئەمە بە نھێنی ناکرێت، بەڵام دەمانەوێت کێشەکە بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێت".
یڵدرم لە کاتی گەڕانەوەی لە یۆنانەوە بۆ تورکیا، لە نێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری نوێنەرانی میدیاکانی دایەوە.
لەبارەی قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی، یڵدرم گوتی: "با سعوودیە برا گەورەیی نیشان بدات. ئامانجمان، دەستەبەرکردنی یەکێتی نێوان گشت وڵاتانی کەنداوە. رووداوەکان لەگەڵ مرۆڤایەتیش ناگونجێت. ئێمە پشتیوانی مرۆیی پێویست ئەنجام دەدەین کە ئەمە بە نھێنی ناکرێت، بەڵام دەمانەوێت کێشەکە بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێت. بەڕاستی تاکو ئێستا نازانین قەتەر بە چی تۆمەتبار دەکەن. ئیخوان موسلیمین و حەماس لە چ کاتێکەوە بوون بە رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار؟ ئیخوان موسیلمین لە میسر بە ھەڵبژاردن ھاتە سەر دەسەڵات کە بە کودەتا لەناویان برد".
لە وەڵامی پرسیارێک "بەھۆی دەنگۆکانی نزیکیی تورکیا لەم رێکخراوانە، ئایا فشارتان لەسەر دروست دەبێت؟" یڵدرم گوتی: "پێویستە ستاندارتێک بۆ ئەم کارە ھەبێت. بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پێناسەیەک ھەیە. ئەوانەی بە حەماس و ئیخوان دەڵێت رێکخراوی تیرۆریستی، ئەی بە پەیەدە چی دەڵێت؟ بەڕاشکاوانە بە چەک ھێرش دەکەنە سەر تورکیا. دوو فاقییەکی وا چۆن دەبێت؟ نابێت وا بە ئاسانی بەو شێوەیە بێت کە سوودیشی بۆ ئاشتی ناوچەکە نابێت. کێ بڕیاری ئەمە دەدات؟ کەسانێک دەڵێن رێکخراوی تیرۆریستی و کەسانێکیش ناڵێن. ئەگەر رێککەوتنێک ئەنجام نەدرێت، ئەوا ناکۆکییەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت. ئێستاش دەستەواژەی 'تیرۆریستی ئیسلامی'یان دەرھێنا. ئەمە شێوازێکی جیاوازی دوژمنایەتیکردنی ئیسلامە. بۆیە ھەندێک لە وڵاتان کێشەیان لە پێناسەی تیرۆر ھەیە. پێویستە ئەمە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت".