Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2015
ئاژانسی پاراستنی ژینگه له ئهمریکا (EPA) رایگهیاند کە کۆمپانیای ڤۆلکسواگن بۆ جاری دووهم یاسای پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگەی پێشێل کردووه.
لەروونكردنەوەیەكی نووسراودا كەلەلایەن ئاژانسەكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی ڤۆڵكسواگن لەبارەی بڵاوبوونەوەی گازەوە، هەریەك لە ئۆتۆمبیلەكانی پۆرش و ئۆدی دەگرێتەوە كە قەبارەی مەكینەكانیان سێ لیترە.
بەپێی روونكردنەوەكە كۆمپانیای ڤۆڵكسواگنی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیلی ئەڵمانی، ئامێرێكی لە ئۆتۆمبیلەكانی پۆرش و ئۆدیدا كە لەنێوان ساڵەكانی 2014 بۆ 2016دا درووستكراوە، داناوە كە وای نیشاندەدات سیستمی ئەگزۆزەكەی خاوێنترە، ئەو ئامێرە وا لە سیستمی بڵاوبوونەوەی گازەكە دەكات كە لە كاربكەوێت لەو كاتانەدا كە تێست ناكرێن.
ئەمە جگە لەوەی لە روونكردنەوەكەدا باس لەوەكراوە كە بڵاوبوونەوەی گاز لە نزیكەی دە هەزار ئۆتۆمبیلدا كە ئەو ئامێرەیان تێدا دانراوە، نزیكەی نۆ هێندەی ئەو ستانداردانەیە كە ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریكا دایناوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو ئۆتۆمبیلە گازانەی كە بەو شێوەیەن بریتین لە هەریەك لە تۆوارێگی 2014 و پۆرش كایێنی 2015 و هەریەك لەA6 كواترۆ، A8، A8L، Q5ی 2016.
لێپرسراوێكی ئاژانسەكە بەناوی سینسیا گایەڵس، ئاماژەی بەوە كرد ڤۆلكسواگن جارێكی دیكە یاساكانی پێشێل كردووە و گوتی: "ڤۆڵكسواگن جارێكی دیكە شكستی هێنا لەوەی ئەو یاسایە جێبەجێ بكات كە پێویستە هەوای خاوێن بۆ هەموو ئەمریكییەكان بپارێزرێت. پێویستە هەموو كۆمپانیاكان بەپێی هەمان یاساكان كار بكەن. ئاژانسەكەمان لەگەڵ حكوومەتی ویلایەتەكان و حكوومەتی فێدراڵیدا بەمەبەستی پاراستنی یاسای پاك و خاوێنی ژینگە، و جێبەجێكردنی لێپرسراوێتی كۆمپانیاكان، بەردەوام دەبێت لە لێكۆڵینەوە لەو كێشە گرنگ و جدییانە''.
ئاژانسی پارستنی ژینگەی ئەمریكا رۆژی 18ی ئەیلوولی رابردوو رایگەیاند بوو كە لەژمارەیەك ئۆتۆمبیلدا كەلەلایەن ڤۆلكساواگنەوە فرۆشراون، فێڵی كردووە لە پرۆگرامی تێستی بڵابوونەوەی گاز و بەو شێوەیەش 40 هێندە زیاتر ژینگەی پیس كردووە.
لەدوای ئەوەوە ڤۆڵكسواگن دانی بەوەدا نا كە لە 11 ملیۆن ئۆتۆمبیلدا لەسەرانسەری جیهاندا پرۆگرامێك دانراوە كە فێڵ لە تێستی بڵاوبوونەوە دەكات و بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی زیانەكانیش بڕی 6 ملیار و 500 ملیۆن یورۆی دابینكردووە.
كۆمپانیای ڤۆڵكسواگن بەهۆی ئەوەی گەورەترین ئابڕوچوونی لەمێژووی 78 ساڵەی خۆیدا بەسەرهات، لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی نێوخۆی كۆمپانیاكەدا دە كارمەندی پلە باڵای لە كارەكانیان دوورخستەوە و سەرۆكی كۆمپانیاكەش كە مارتین وینتەر كۆرن بوو، دەستی لەكاركێشایەوە.