Hasan Esen
05 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
لەندەن - AA
لە بەریتانیا سێ سیخوڕی چینی کە ناسنامەی رۆژنامەنووسیان بەکارهێناوە، ناسنامە راستەقینەکانیان دۆزرانەوە و ساڵى رابردوو سنوورداش کراونەتەوە.
بە پێی ئەو هەواڵەی رۆژنامەی تەلەگراف بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی حکوومەت بڵاویکردووەتەوە، ئەو سێ کەسە کە ناوەکانیان بڵاونەکراوەتەوە ڤیزەی رۆژنامەنووسیان وەرگرتووە و، لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا سەردانی بەریتانیایان کردووە.
کەسەکان وا خۆیان ناساندبوو کە کار بۆ سێ دەزگای میدیایی جیاواز دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەندامی وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی چین بوون کە بەرپرسە لە هەواڵگری دەرەوەی وڵات.
دوای ئەوەی ناسنامەی راستەقینەیان لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی بەریتانیا MI5ەوە ئاشکراکرا، سیخوڕەکان سنوورداشکرانەوە.
بە هۆی ئەوەی خاوەنی بەرپرسیارێتی ئیدیتۆری نییە، دەزگای چاودێری میدیای بەریتانیا Ofcom، دوێنێ مۆڵەتی پەخشی تۆڕی تەلەڤزیۆنی جیهانی چین (CGTN)ی هەڵوەشاندەوە کە لەو وڵاتەدا بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکات.