Hakan Çopur,Abdullah Shukur
09 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە دانوستانی بازرگانی لەگەڵ چین بەڵام تاکو ئێستا ئامادەی رێککەوتن نین.
دۆناڵد ترەمپ بەر لە سەردانەکەی بۆ نیویۆرک لە باخچەی کۆشکی سپی لەبارەی پێشھاتەکانی رۆژەڤ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە دیالۆگێکی کراوە لەگەڵ چین بەردەوامە و راشیگەیاند کە چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن کە دانوستانەکان ھەروەکو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە لە مانگی ئەیلوول بەڕێوە دەچێت یان نا.
ترەمپ گوتیشی: "لەگەڵ چین گفتوگۆ دەکەین و بە باشی دەگونجێین، بەڵام ئێستا ئامادەی رێککەوتن نین. چین دەیەوێت شتێک ئەنجام بدات، بەڵام من لە ئێستادا ئامادە نیم".
ترەمپ راشیگەیاند کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەگەڵ کۆمپانیای ھواوی چینی کار ناکەن و گوتیشی :"لەگەڵ ھواوی کار ناکەین، لەمبارەیەوە بەڕاستی بڕیاری خۆم داوە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد کە نامەیەکی دیکەی لە سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون پێگەیشتووە و گوتیشی: "نامەیەکی زۆر ئەرێنی بوو. پێموایە دووبارە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین. نامەیەکی سێ لاپەرەی زۆر جوانی ناردووە".