Mazın Asad
22 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن گوتی: "تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، ھەڕەشەی داعشی لە سنووری سووریا دوورخستەوە. لە ئێستادا گشت سنوورەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی داعشە و ھیواخوازم بەم شێوەش دەمێنێتەوە".
تیلەرسن لە گوتارێکی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ٦٨ وڵاتی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە واشنتۆن، جەختی لەسەر رۆڵی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تورکیاوە رایگەیاند: "تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، ھەڕەشەی داعشی لە سنووری سووریا دوورخستەوە. لە ئێستادا گشت سنوورەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی داعشە و ھیواخوازم بەم شێوەش دەمێنێتەوە".
تیلەرسن ئاماژە بە ھێرشە تیرۆریستییەکانی داعش لە پاریس و ئیستانبوڵ کرد و رایگەیاند ھەردوو ھێرشەکە لە رەققەوە پلانی بۆ دانرابوو.
لەبارەی دوا پێشھاتەکانی موسڵ، تیلەرسن جەختی لەوە کردەوە کە رۆژھەڵاتی شارەکە رزگار کراوە و ھەنگاوێکی زۆر لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارە بنەرەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو نراوە و راشیگەیاند نزیکەی ٣٠ ھەزار قوتابی دووبارە دەستیان بە خوێندن لە ناوچەکانیان کردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا ئاشکراشی کرد کە سەدا ٧٥ لە ھاوکارییە سەربازییەکان دژی داعش بۆ ھێزەکانی ناوخۆی لە سووریا لە لایەن ئەمریکاوە و سەدا ٢٥یش لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دابین دەکرێت و راشیگەیاند لە ناوچەکەدا پێویست بە ھاوکاری سەربازیی زیاتر ھەیە.
لە نێو ئەو ھێزانەی ئەمریکا ھاوکاری سەربازیی بۆ دابین دەکات، ھێزەکانی سووریای دیموکرات ھەیە کە زۆربەی ئەو ھێزە لە پەیەدە پێکدێت.
تیلەرسن ئەوەشی خستەڕوو کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا پێویستە رێگری لە چوونی شەرخوازە بیانییەکانی بۆ نێو رێکخراوە تیرۆریستییەکە بکرێت و ھاوکاری دارایی داعش بپچڕێت و رێگری لە پرۆپاگەندەکردنی ئەو رێکخراوە بکرێت و ئەو ناوچانەی لەدەست داعش رزگار دەکرێت سەقامگیری تێدا دەستەبەر بکرێت.
-گوتاری عەبادی
دوای تیلەرسن، سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە گوتارێکیدا ئاماژەی بە گرنگی نەھێشتنی جیاوازییەکان کرد کە ھۆکارە لە دروستبوونی پشێوی لە ناوچەکە و گوتیشی: "دروستبوونی داعش بەھۆی ئەم جیاوازییانەوە بووە".
عەبادی بۆ وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: "لە وشکایی شان بەشانی یەکتر شەڕ دەکەین. سوود لە ھاوکاری لوجستیکی و ئاسمانی یەکتر وەردەگرین. ھاوپەیمانان نیشانیان دا کەوا بە ھاوبەشی بەرەنگاریی داعش دەبینەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند دوای رزگارکردنی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی داعش لە عێراق، خەڵکی مەدەنی دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان کردووەتەوە و لەوبارەیەوە خۆشخاڵی خۆی دەربڕی.