Ramal Mahmood
17 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
لە شارۆچکەی جەرابلوسی باکووری سووریا کە بووەتە هێمای ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، هەزاران خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دڵخۆش و کامەرانن بە شادبوونەوەیان بە هیواکانیان.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لەلایەن تیمەکانی هێزی تایبەت و هێزە چەکدارەکانی تورکیا و بە پشتیوانی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر دەستی پێ کردووە، وەک یەکەم شارۆچکە جەرابلوسی ئازاد کرد. دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا خەڵکی جەرابلوس لە ژێر گوشارەکانی پەیەدە و داعشدا بەسەختی ژیانیان بەسەر دەبرد.
دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە، ئەو خێزانانەی کۆچیان کردووە بۆ تورکیا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ شارەکەیان و راییکردنی کاروبارەکانیان سەردانی پارێزگای عەنتابیان کردووە. لەگەڵ تەواوکردنی کاروبارە یاساییەکانیان، بەشێک لەو خێزانانە دوای دەربازکردنی دەروازەی سنووری کارکامیش لە عەنتاب بە کەلوپەل و جانتاکانیانەوە سواری ئەو پیک ئابانە دەبن کە بەو رێگەیەدا تێپەڕ دەبن، بەشێکی دیکەشیان بەپێ دەربازی سنوور دەبن و بە جانتای کۆڵیانەوە ماوەیەکی زۆر بەپێ دەڕۆن.
بەشێک لە خێزانەکان دڵتەنگن لەوەی کە لەلایەن داعشەوە ناچارکراون گەڕەکەکانیان بەجی بهێڵن. ئەو خێزانانەی لە ئاکامی پێکدادانەکان زیانی گەورە بە خانووەکانیان نەگەیشتووە و دڵخۆشن. بەڵام ئەو کەسانەی خانووەکانیان بوونەتە ئامانجی گولـلەکان یاخود بەتاڵان بردراون نیگەرانن.
ئەبو عەلی کە لەگەڵ شەش سەر خێزانەکەی دەگەڕایەوە جەرابلوس، لە لێدوانێکیدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە زۆر دڵخۆشە بە گەڕانەوەیان بۆ وڵات. ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی گوشارەکانی داعش دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ عەنتاب، و لەوێ دەستیکردووە بەکارکردن لە خواردنگەیەک. ئەوەشی خستەڕوو کە ژیان لە تاراوگە سەختە. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە بە بڕی ئەو پارەیەی لەکارکردن لەوێ بەدەستی هێناوە دەیەوێت خواردنگەیەک لە جەرابلوس بکاتەوە.