Mohamad Misto,Mazın Asad
16 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2018
ئیدلب/عەفرین - AA
بەر لەئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی سەر پەیەدە/پەکەکە و زیادبوونی بارگرژییەکان، خەڵکی سڤیل بە گرووپی بچووک و بەجیا عەفرین جێدەھێڵن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی عەفرین دەستی کەوتووە، ئەمڕۆ ئێوارە خەڵکی سڤیل بە کەمێک کەلوپەلەوە دەستیان بە جێھێشتنی عەفرین کرد. بە دەیان ئۆتۆمبێل لە عەفرینەوە بە ئاراستەی باکووری ناوەندی شاری حەلەبی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی بەشار ئەسەد بەڕێکەوتن.
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژە بەوەش دەکەن جموجۆڵی بازار و بازرگانی لە شارۆچکەکە کرز بووە و لە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی لە عەفرین، نائارامی باڵی بەسەر شارۆچکەکە کێشاوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە کە دەشێت لەھەر ئانوساتێک دەست بە ئۆپەراسیۆن دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە بکەن لە شارۆچکەی عەفرینی ھاوسنووری تورکیا.