Sarmand Hameed
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2018
ریاز - AA
سیستەمی بەرگری ئاسمانی سعوودیە ئەمڕۆ شەممە چوار مووشەکی بالیستی لە سەر ناوچەی جازان باشووری سعوودیە تێکشکاند.
بەپێی کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعوودیە، ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە هاوکات بووە لەگەڵ بەخاکسپاردنی کەسی دووەمی حوسییەکان، ساڵح سەمماد بەناو سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کە لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی لە ١٩ی ئەم مانگەدا کوژرا.
لە بەرامبەردا کەناڵی ئەلمەسیرە سەر بە حوسییەکان رایگەیاندووە کە هەشت مووشەکی بالیستی لە جۆری بەرد١ یان ئاراستەی ئامانجە ئابووریی و گرنگەکانیان لە ناوچەی جازان کردووە.
تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە لایەن هاوپەیمانی عەرەبی لەبارەی ئەو هەواڵەی هەردوو کەنالی ئەلعەرەبییە و ئەلمەسیرە بڵاونەکراوەتەوە.
بە پێی ئامارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو كە پشتی بە داتا فەرمییەكان بەستووە، سعوودیە رایگەیاندووە كە لە میانی ئەم مانگەدا تا ئێستا، ٢٦ مووشەكی بالیستی تێكشكاندووە كە لە لایەن حووسییەكانەوە ئاراستەكرابوون.
هەر بە پێی ئەو ئامارە، لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانییەتی عەرەبی لە یەمەن، تا ئێستا ١٣٠ مووشەكی بالیستی لە لایەن حووسییەكانەوە ئاراستەی سعوودیە كراون و سەرجەمیان تێكشكێنراون.