Zana Natık Kerem
09 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2019
ئیسلام ئاباد ــ AA
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، عمران خان رایگەیاند کە ئامادەن بە دانوستان کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ھیندستاندا چارەسەر بکەن لەوانە کێشەی ناوچەی کشمیر.
کەناڵی "جیۆ نیوز"ی پاکستانی بڵاویکردەوە، عمران خان پەیامێکی ئاراستەی ھاوتا ھیندستانییەکەی، ناریندرا مودی کردووە بە بۆنەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکوەزیرانی ھیندستان.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختیکردووەتەوە کە لە پێناو بەرژەوەندی ناوچەکەدا، ئامادەییە ھاوکاری ھاوتا ھیندستانییەکەی بکات و گوتوویەتی: "ئامادەم بە دانوستان سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ ناریندرا مودی دا چارەسەر بکەم".
بەڵام ھێشتا سەرۆکوەزیرانی ھیندستان ھیچ کاردانەوەیەکی لەوبارەیەوە نیشانداوە.
لە ١٤ی مانگی شوباتی رابردوودا، بە ھۆی ھێرشێکی چەکداری کە کاروانێکی سەربازیی لەو بەشەی کشمیر کە لەژێر دەسەڵاتی ھیندستان دایە کردە ئامانج، گرژی کەوتە نێوان نیودلھی و ئیسلام ئابادەوە.
لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ٤٠ سەرباز کوژران و ٢٠ی دیکەش برینداربوون.