Atila Altuntaş
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
ستۆکهۆڵم - AA
سەرۆکوەزیرانی فینلاند، سانا مارین ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە پرسی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە رێکخراوی ناتۆ "قۆناغێکی خێرا"یان ناوێت و بەوردی شرۆڤەی بابەتەکە دەکەن.
پەرلەمانی فینلاند بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەپێشنیازی "ئەنجامدانی گشتپرسی لە بارەی بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ"، کۆبووەوە کە بە واژووی ٥٠ هەزار کەس، نێردرابووە پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار لەسەر ئەوە درا کە هێشتا زووە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر ئەندامێتی ناتۆ و ئەوەی لەئێستادا پێویستە بەهێزکردنی هێزی بەرگریی وڵات و خۆپڕچەککردنە.
دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، سانا مارین روونکردنەوەی دا و ئەوەی خستەڕوو کە راپرسییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گەلی فینلاند دەیەوێت وڵاتەکەی بچێتە ناتۆوە، بەڵام پێویستە بەوردی شرۆڤەی ئەم بابەتە بکرێت.
سانا مارین ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی نایەوێت بە "قۆناغێ خێرا" ببێتە ئەندامی ناتۆ.
بەگوێرەی راپرسییەکی کەناڵی فەرمی فینلاند، سەدا ٥٣ی بەشداربووانی راپرسییەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی دەڕواننە بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ، سەدا ٢٨ی بەشداربووان دژی ئەندامێتییەکەن و سەدا ١٩ی بەشداربووانیش خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە راپرسییەکی ساڵی ٢٠١٧دا تەنها سەدا ١٩ی بەشداربووان، پشتیوانی بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆیان، کردبوو.