Davit Kachkachishvili
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2020
تبلیس - AA
لە جۆرجیا ئەو چەکدارەی بەمەبەستی بڕینی بانکێک بە زەبری چەک ١٩ کەسی بە بارمتە گرت، دوو بارمتە و ٥٠٠ هەزار دۆلار کە داوای کردبوو وە ئەو پۆلیسەی پارەکەی هێنابوو لەگەڵ خۆی برد و لە شوێنی رووداوەکە دوورکەوتەوە.
ئەو چەکدارەی هەڵیکوتایە سەر بانکێکی شاری زوگدیدی کە ٣٠٠ کیلۆمەتر لە تبلیس- پایتەختەوە دوورە و ١٩ کەسی بە بارمتە گرت، داوای لەو هێزە ئەمنیانە کرد کە هاتبوونە شوێنی رووداوەکە لە بینای بانکەکە دوور بکەونەوە.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد کەسێک کە هێشتا ناسنامەکەی نەزانراوە لە شاری زوگدیدی هەڵیکوتاوەتە سەر بانکێک و، بە زەبری چەک کارمەندانی بانکەکەی بە بارمتە گرتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێزە تایبەتەکانی پۆلیس رەوانەی شوێنەکە کراون و، ئۆپەراسیۆن بۆ رزگارکردنی بارمتەکان دەستیپێکردووە.
چەکدارەکە لە رێگەی بارمتەیەکەوە داواکارییەکانی ئاڕاستەی تەلەڤزیۆنێکی جۆرجی کرد و داوای نزیکەی ٥٠٠ هەزار دۆلاری کرد و رایگەیاند ئەگەر پۆلیسەکان لە بینای بانکەکە دوورنەکەونەوە دەستدەکات بە کوشتنی بارمتەکان.
دوای ئەو داواکارییەی چەکدارەکە زرێپۆشەکانی هێزە ئەمنییەکان لە دەوری بینای بانکەکە کشانەوە.
چەکدارەکە پاش هێنانی ٥٠٠ هەزار دۆلار کە داوای کردبوو، دوو بارمتە و ئەو پۆلیسەی پارەکەی هێنابوو لەگەڵ خۆی برد و بە ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی رووداوەکە دوورکەوتەوە و، ١٧ بارمتەکەی دیکەی ئازاد کرد.
ئەو بارمتەیەی داواکارییەکانی چەکدارەکەی گەیاند، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، باسی لەوە کرد کە پاش هێنانی ئەو پارەیەی داوایکردبوو چەکدارەکە ئەو دوو بارمتەیەی لەگەڵ خۆی برد و بارمتەکانی دیکەی ئازاد کرد.
تا ئێستا نازانرێت کە چەکدارەکە و ئەو سێ بارمتەیەی بردوونی بۆ چ شوێنێک چوون.