Zehra Ulucak
15 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2019
ئەنقەرە ــ AA
ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی باهۆزی هاگیبیس كە ماوەی چوار رۆژ ژمارەیەك ناوچەی ژاپۆنی گرتەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەوە و گەیشتە ٦٧ كەس، هاوكات تیمەكانی فریاكەوتن و رزگاركردن لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی باهۆزەكەوە بێ سەروشوێن بوون.
لەوبارەوە رادیۆی نیشتمانی ژاپۆن بڵاویكردووەتەوە، بە هۆی باهۆزی هاگیبیس-ەوە كە لە رۆژی شەممەی رابردووە ژمارەیەك ناوچەی وڵاتەكەی گرتووەتەوە، تا ئێستا ٦٧گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەیشكرد كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە پاریزگای ناگانۆ ناوەڕاستی ژاپۆن بڵاوكراونەتەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی گەڕان و رزگاركردندا، یارمەتی پێشكەش بكەن.
راشیگەیەندراوە كە هەربە هۆی باهۆزەكەوە، تەزووی كارەبا لە سەدان ھەزار ماڵ پچڕاوە و زۆربەی گەشتە ئاسمانییەكان و گەشتەكان بە شەمەندەفەر لە تۆكیۆ و دەورووبەری ھەڵوەشێندرانەوە.
حكوومەتی ژاپۆن، ١١٠ ھەزار كارمەندی فریاكەوتن و ٣١ ھەزار سەربازی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ فریاکەوتنی ناوچە زیان لێكەوتووەكان.
دوێنێ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ رایگەیاندبوو كە بە هۆی باهۆزەكەوە تا ئێستا، ژمارەیەك كەس بێ سەروشوێن بوون.
ئاماژە بەوە دەكرێت، ھاگیبیس توندترین باھۆزە كە بەدرێژایی ٦٠ ساڵی رابردوو ژاپۆنی گرتبێتەوە.
هاوكات شارەزایانی كەشناسی ژاپۆن پێشبینیان كردووە كە ئەگەری هەیە بە هۆی باهۆزەكەوە، بارانی بارینی زیاتر ناوچەكانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان بگرێتەوە، هەروەها لافاو و رۆچوونی زەوی لە ناوچەكاندا روو بدەن.