Dildar Baykan,Muhammet Ali Kemal
06 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2018
نیویۆرک/واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی بەرامبەر ئەو گوتارە نیشاندا کە لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بەبێ ناو بڵاوکرابوویەوە و بانگەشەی ئەوەی کردبوو لەنێو ئیدارەی ترەمپدا بەرەنگاریی هەیە.
ئاماژە بەوەدەکرێت ئەو کەسەی بەبێ ناو گوتارەکەی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا لەژێر ناونیشانی "بەشێکم لەو بەرەنگارییەی لەنێو ئیدارەی ترەمپدا هەیە" بڵاوکردووەتەوە و کاربەدەستێکی باڵای ئیدارەکەی ترەمپە.
لە گوتارەکەدا هاتووە "ئەوەی کە ترەمپ بە تەواوەتی لێی تێناگات ئەوەیە، ژمارەیەک لە کاربەدەستانی باڵای نێو ئیدارەکەی بە وردیی کار لەسەر ئەوە دەکەن بەشێک لە بابەتەکانی رۆژەڤی و خراپترین ئارەزووەکانی تێکبدەن. ئەمە دەزانم چونکە من یەکێکم لەوانە" و جەختی لەوەکردووەتەوە ئەم بەرەنگارییە دەیەوێت ئیدارەکە سەرکەوتووبێت.
کاربەدەستە باڵاکەی ئیدارەی ترەمپ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی سەرۆک ژمارەیەک کردەوە ئەنجامدەدات کە زیان بە دەوڵەت دەگەیەنێت و رایگەیاندووە "هەر لەبەر ئەمەش ژمارەیەک کەس لەنێو ئیدارەکەی ترەمپدا سوێندی ئەوەمان خواردووە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە رێگەی رێگرییکردن لە هەنگاوە هەڵەکانییەوە دامەزراوە دیموکراسییەکانمان بپارێزین".
لە گوتارەکەدا، دۆناڵد ترەمپ بەرەوڕووی رەخنەی ئەوە کراوەتەوە کە لە ئاستی پێویستدا رێز لە هزر، بازاڕ و ئازادیی مرۆڤەکان ناگرێت هەروەک چۆن میدیای بە "دوژمنی گەل" ناوبردووە.
وەڵامی ئەو گوتارە لە لایەن ترەمپەوە بێ هیچ دواکەوتنێک درایەوە.
ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیس لە کۆشکی سپی، گوتارەکەی بە "گوتارێکی ترسنۆکانە" ناوبرد.