Mustafa M. M. Haboush
29 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2021
سەنعا - AA
لە یەمەن سەدان هەزار منداڵ کە رووبەڕووی کێشەی بەدخۆراکی بوونەتەوە، بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی زیاتر لە شەش ساڵە لەو وڵاتە درێژەی هەیە و، قورسترین باجی ئەو جەنگە ئەوان دەیدەن.
بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، لە یەمەن بێ کاری و ئاوارەبوون زیادی کردووە و پێدانی مووچەی قورس بووە، خێزانەکان هەوڵ و تەقەلا دەدەن بۆ مانەوە منداڵەکانیان لە ژیاندا کە تەنیا پێست و ئێسکیان ماوەتەوە.
ئیبراهیم، باوکی شادی تەمەن ١٠ ساڵان کە دووچاری بەدخۆراکی و کێشەی ئەترۆفی مێشک بووەتەوە، یەکێکە لەوانەی هەموو هەوڵ و تەقەلای بۆ مانەوەی منداڵەکەیەتی لە ژیاندا.
بەشی بەدخۆراکی منداڵ لە نەخۆشخانەی ئەلسەبین لە سەنعای پایتەخت، دەیان منداڵی تێدایە کە بەهۆی بەدخۆراکیيەوە گەشەی جەستەی و مێشکیان تەواو نییە.
ئیبراهیم کە بۆ چارەسەر کوڕەکەی هێناوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە پێش جەنگەکە کاری هەبووە، بەڵام دواتر کارەکەی لەدەستداوە و ناچار بووە کۆچ بکات.
گوتیشی: ''هەلومەرج زۆر سەختە. پارەی کڕینی دەرمانم نییە و زیاتر لە ١٥٠ هەزار ریاڵ (٢٥٠ دۆلار) قەرزدارم''.
- ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆقێنەرن
راپۆرتەکانی هەریەک لە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، سندوقی هاوکاری منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، بەرنامەی خۆرااکی جیهان (دەبلیو ئێف پی) و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی (دەبلیو ئێج ئۆ) ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە یەمەن کێشەی بەدخۆراکی لە منداڵاندا سەدا ٢٢ زیادیکردووە.
ئەو رێژەیەش لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەرزترین ئاستی بەدخۆراکییە.
ئەو رێکخراوانە کە سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانن، مانگی رابردوو، باس لەوە دەکەن کە چاوەڕوانن لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢،٣ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان دووچاری کێشەی بەدخۆراکی ببنەوە و، ١٠٠ هەزار منداڵی دیکە کە دووچاری کێشەی بەدخۆراکی توند بوونەتەوە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
بەهۆی ئەو جەنگەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا لە یەمەن درێژەی هەیە، دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە ٣٠ ملیۆن کەسن سەدا ٨٠یان پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.