Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
سەنعا ــ AA
سەركردەیەكی دیار لە پارتی كۆنگرەی میللی گشتی یەمەن رایگەیاند كە سەرۆكی پێشوو، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح كوژراوە.
سەركردەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بە دەستڕێژی گولـلەی حووسییەكان لە شاری سەنعا كوژراوە".
سەركردە گوتیشی: "عەلی عەبدوڵڵا ساڵح هەوڵیداوە بەرەو شاری سەنحان باشووری سەنعا كە شوێنی لەدایكبوونێتی هەڵبێت، بەڵام حووسییەكان بە دووری ٤٠ كیلۆمەتر لە باشووری سەنعا دەستگیریان كرد و بەرەو شوێنێكی نادیار بردیان، دواتر گولـلەبارانیان كردووە".
پێشتر نووسینگەی سەرۆكی پێشوو، رەتیكردەوە كە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە میانی تەقاندنەوەی خانووەكەی لە لایەن حووسییەكانەوە، كوژرا بێت.
هاوكات لە بەیاننامەیەكدا، حووسییەكان كوژرانی سەرۆكی پێشوو، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح-یان بڵاوكردەوە.
لە لایەكی دیكەوە ژمارەیەک وێنە لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوبوونەتەوە كە تیایدا دەركەوتووە، چەكدارانی حووسی تەرمێكیان هەڵگرتووە و ئاماژە بەوە دەكەن كە تەرمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح-ە.
لە ژمارەیەک وێنەی دیكەدا، شوێنەواری گولـلە بەسەر و جەستەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح-ەوە دیارە.
هەروەها لە ژمارەیەك وێنەی دیكەدا كە لە بیابانەكان گیراون تیایدا چەكدارانی حووسی دووپاتیان كردووە كە ئەو كەسەی كوژراوە، سەرۆكی پێشوو، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح-ە.