Selen Temizer
14 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
برۆکسل – AA
یەکێتی ئەورووپا، ئەوی راگەیاند کە سزایەکانی سەر گرووپی ڤاگنەر کە بە گرووپی سەربازە بەکرێگیراوەکانی رووسیا ناسراون، جێبەجێ دەکات.
لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆنسەی یەکێتی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە سزاکاندا جگە لە گرووپی ڤاگنەری رووسی، ھەشت کەس و سێ دامەزراوەی پەیوەندیداریش کراوەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە:
"گرووپی ڤاگنەر، لە رێگەی مەشقپێکردن، بەسەربازیکردن و ناردنی سیخوڕی سەربازیی تایبەت بۆ ناوچەکانی پێکدادان لە جیھان و ھاندان بۆ توندوتیژی، دزینی سامانە سەرووشتییەکان و رفاندنی خەڵکی مەدەنی یاسای نێودەوڵەتی و بە تایبەتی یاساکانی مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەسانەی کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە خراونەتە نێو لیستەکە، لە لیبیا، سووریا، ئۆکراینا، کۆماری ناوەڕاستی ئەفریقا و ئەمریکا چالاکییان ئەنجامداوە و لە چەند وڵاتێکدا لە رێگەی ئەشکەنجەدان، دادگایی نەکردن، رێگای کورت یاخود لە ناوبردنی لەخۆڕایی و کوشتن دەستیان لە پێشێلکردنی جیددیی مافەکانی مرۆڤ ھەبووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە گرووپەکە ھەڕەشە بۆسەر یەکێتی ئەورووپا درووست دەکات و ئەوەشی خراوەتەڕوو کە سزاکان، چوار بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە پێکھاتووە لە؛ سستەمی یەکێتی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤی جیھانی، ئەو سستەمانەی پەیوەستە بە دۆخی لیبیا و سووریا و سستەمەکانی سزادان لەسەر ئەو کارانەی کە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج.
ئەو کەس و دامەزراوانەی کە ناویان لە لیستەکەدا ھاتووە، رووبەرووی سڕکردنی موڵک و ماڵیان لە یەکێتی ئەورووپا دەبنەوە و قەدەغەی گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە دەخرێتە سەریان. جگە لەوە بە راستەخۆ یان ناراستەوخۆ لە یەکێتی ئەورووپاوە حەواڵەی دارایی بۆ ئەو کەس و دامەزراوانە نانێردرێت.