دیمەشق
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەسوریا ئاماری منداڵانی زیان پێکەوتووی لەسوریا راگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئامارە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ ھەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە دوو ھەزاریان تەمەنیان لەخوار ١٠ ساڵانەوە بووە.
رێکخراوەکە چەند ئامارێکی دیکەی ئاشکراکرد لەبارەی زیان پێکەوتووانی شەڕ لەسوریا، بەشی ھەرە زۆری قوربانیان لەپارێزگاکانی (حەڵەب، دیمەشق، ئیدلیب، حومس، حەما)ن و زۆرترین ڕێژەی منداڵ لەو ناوچانە کوژراون. بێجگە لەوە ٨٨% ی کوژراوان کەسانی سڤیلن.
شەڕی سوریا بەخوێناویترین شەر دادەنرێ لەدوای جەنگی دووەمی جیھانییەوە کە بەو جۆرە خەڵکی مەدەنی تێدا بووبێتە قوربانی.
رێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا ھەروەھا رایگەیاندووە تا ئێستا زیاتر لە ١٩٤ ھەزار بەندکراو ھەن لەگرتووخانەکانی حکومەتی سوریاو لەمانە نۆ ھەزاریان لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵانەوەن و نزیکەی ٨٠ منداڵیش لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا بەدەیان منداڵی کچ رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.